لاریجانی بۆ وڵاتانی ئیسلامی: لە بەرامبەر ئیسرائیل ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکبهێنن

13-09-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئیسلامی و داوایان لێدەکات لە بەرامبەر ئیسرائیل ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکبهێنن.
 
عەلی لاریجانی، ئەمڕۆ شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنە لە کۆبوونەوە 'بێ ئەنجامەکانی' رێکخراوی هاریکاریی وڵاتانی ئیسلامی گرت.
 
لاریجانی هۆشداری دەداتە وڵاتە ئیسلامییەکان و دەڵێت: "بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی کۆنفرانسی ئیسلامی پڕ لە گوتار و بێ ئەنجامێکی پراکتیکی (وەکو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش) یەکسانە بە داواکردنی دەستدرێژیی نوێ لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران داوای پێکهێنانی ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەرامبەر ئیسرائیل دەکات و روو لە وڵاتانی ئیسلامی دەڵێت: "لانیکەم لەدژی شێتیی ئەم رژێمە، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکبێنن. هەر ئەم بڕیارە خاوەنی ئەم رژێمە ئەوەندە نیگەران دەکات کە بە مەبەستی پێکهێنانی ئاشتیی جیهانی و خەڵاتی نۆبڵ، بە ترس و لەرزەوە فەرمانەکانی بۆ رژێمی زایۆنی بگۆڕێت."
 
عەلی لاریجانی دەشڵێت: "بۆ موسڵمانە برسی و ستەملێکراوەکانی فەلەستین هیچتان نەکرد، لانیکەم بۆ ئەوەی رێگری لە لەنێوبردنی خۆتان بکەن، بڕیارێکی بچووک بدەن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە