میدیاکارێک لە لوبنان کوژرا و شەش میدیاکاری دیکە بریندار بوون

14-10-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیاکارێکی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە لوبنان کوژرا. ئاژانسە هەواڵییەکە دەڵێت، لە ئەنجامی تۆپبارانی هێزەکانی ئیسرائیل بووە. لە هەمان وڵات، 6 میدیاکاری دیکە برینداربوون.
 
رۆژی هەینی 13-10-2023 گوندی عەلما شەعبی باشووری لوبنان تۆپباران کرا و لە ئەنجامدا میدیاکارێکی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کوژرا و شەش میدیاکاری دیکە بریندار بوون، لەوانەش میدیاکاری ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس و کەناڵی جەزیرە.
 
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە ناخەوە خەمبارین بە لەدەستدانی عیسام عەبدوڵڵا، کامێرامانی ئاژانسەکەمان. عیسام لەگەڵ تیمێکی میدیاکار خەریکی رووماڵ بوون لە ناوچەکەدا."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لە پەیوەندیداین بۆئەوەی بە خێرایی زانیاریی وردمان پێبدەن."
 
کەناڵی جەزیرەی قەتەرییش بڵاویکردەوە، میدیاکارەکان لەو ناوچەیە بۆ سەلامەتیی خۆیان لە یەک شوێنی گوندەکە کۆببوونەوە و جلی گولـلەنەبڕیان پۆشیبوو، کە لەسەریشی نووسرابوو PRESS.
 
تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل و تۆپبارانەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل لانیکەم 10 میدیاکار گیانیان لەدەستداوە.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند و گوتی، لە ماوەی 20 خوولەکی هێرشەکەدا نزیکەی 5000 مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە.
 
دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
 
رۆژی یەکشەممە 08-10-2023ش حیزبوڵڵای لوبنان ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هەر زووش سوپای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. لەو رۆژەوە چەندجارێک حیزبوڵڵا چەند شوێنێکی لە ئیسرائیل تۆپباران کردووە و ئیسرائیلیش وەڵامی داوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە