ئیسرائیل 20 بارمتەی لای حەماسی لە خاچی سوور وەرگرت

13-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 20 بارمتە گەیێندراونەتە لایان، دوای ئەوەی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە لە کەرتی غەززە رادەستی خاچی سوور کران.

سوپاکە دەڵێت، بارمتەکان لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە رادەستکراون. لە کاژێر 10:52ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئۆکتۆبەری 2025 هیچ بارمتەیەکی ئیسرائیلی لە غەززە نەماوە.

بارمتەکان بە دوو گرووپ رادەستکران، گرووپێکیان 7 و گرووپێکیان 13 بارمتە بوون. 20 بارمتەکە دەگوازرێنەوە بۆ ئیسرائیل و دەبرێنە بنکەی ریعیم لە باشووری ئەو وڵاتە، بۆئەوەی لەوێوە بە کەسوکاریان شاد ببنەوە.

پاشان ئەو کەسانە بە هێلیکۆپتەر دەگوازرێنەوە بۆ سێ نەخۆشخانەی ئیسرائیل، بۆئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت و هەر چارەسەرێکیان پێویست بوو، پێشکێشیان بکرێت.

پێشتر حەماس رایگەیاندبوو، وەک بەشێک لەو ئاگربەستەی لە جەنگی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بەدەستهاتووە، 20 بارمتە لە کەرتی غەززە ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە هەزار و 900 زیندانیی فەلەستینی.

ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیزانین بەم شێوەیە
 
بزووتنەوەی حەماس رۆژی دووشەممە لیستی ناوی 20 بارمتەی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا ئازاد دەکرێن. بارمتەکان سەرەتا رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و دواتر رادەستی سوپای ئیسرائیل دەکرێن، کە دەیانباتە بنکەی سەربازیی "ریعیم،" بۆئەوەی لەوێوە بگوازرێنەوە سێ نەخۆشخانەی ئیسرائیل.
 
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردووەتەوە، 20 بارمتەی لە خاچی سوورەوە پێگەیشتووە.
 
ئیسرائیل بەرزترین میدالیای رێزلێنان دەبەخشێتە ترەمپ

نووسینگەی ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرزترین میدالیای رێزلێنانی مەدەنیی وڵاتەکەی، ناسراو بە "میدالیای شەرەفی سەرۆکایەتیی ئیسرائیل"، دەبەخشێتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان.

پشتیوانیی سەرکردەکانی جیهان بۆ رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە

سەرۆکانی ئەمریکا و میسر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی جیهان دەکەن کە بە "لووتکەی ئاشتی" ناسراوە، بۆ پشتیوانیکردن لە کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی غەززە، دوای گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست. هەروەها سەرکردەکانی تورکیا، ئوردن، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپاش ئامادەبوونی خۆیان راگەیاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.