رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و گوتارێک لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێشكێش دەکات و دواتر لەوێوە دەچێتە میسر و سەرکردایەتیی لووتکەیەکی ئاشتی دەکات.
فڕۆکەکەی ترەمپ لە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەڤیڤ نیشتەوە و لەوێ لە لایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران؛ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکەوە پێشوازی لێکرا.
بڕیارە کاژێر 11:00 بەکاتی ئیسرائیل (هەمان کاتی هەولێر) ترەمپ لە کنێسێت گوتارێک لە بارەی ئاگربەستی غەززە پێشكێش بکات کە بە گوێرەی پلانێکی خۆی، لەنێوان ئیسرائیل و حەماس رێککەوتنی لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگی زیاتر لە دوو ساڵەی غەززە بهێنرێ.
گەیشتنی ترەمپ بە تەلئەڤیڤ کەمتر لە کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە 7 بارمتە لە خاچی سووری نێودەوڵەتی وەرگرتووەتەوە، دوای ئەوەی حەماس لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا ئازادی کردن.
ترەمپ کاژێر 1:00 ئیسرائیل جێدێڵێت و بەرەو میسر بەڕێ دەکەوێت. بڕیارە کاژێر 5:00ی ئێوارە کۆتایی بە گەشتەکەی بێنێت و بگەڕێتەوە ئەمریکا.
ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیزانین:
بزووتنەوەی حەماس رۆژی دووشەممە لیستی ناوی 20 بارمتەی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا ئازاد دەکرێن. بارمتەکان سەرەتا رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و دواتر رادەستی سوپای ئیسرائیل دەکرێن کە دەیانباتە بنکەی سەربازیی "ریعیم" بۆ ئەوەی لەوێوە بگوازرێنەوە سێ نەخۆشخانەی ئیسرائیل.
ئیسرائیل بەرزترین میدالیای رێزلێنان دەبەخشێتە ترەمپ
نووسینگەی ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرزترین میدالیای رێزلێنانی مەدەنیی وڵاتەکەی ناسراو بە "میدالیای شکۆی سەرۆکایەتیی ئیسرائیل" دەبەخشێتە دۆناڵد ترەمپ، لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان.
سەرۆکانی ئەمریکا و میسر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی جیهان دەکەن کە بە "لووتکەی ئاشتی" ناسراوە، بۆ پشتیوانیکردن لە کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی غەززە، دوای گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست؛ هەروەها سەرکردەکانی تورکیا، ئوردن، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپاش ئامادەبوونی خۆیان راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ