حەماس: نەتەنیاهوو ملکەچی مەرجەکانمان بوو

13-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس راگەیێندراوێکی لەبارەی ئازادکردنی 20 بارمتەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئازادکردنەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی قۆناخی یەکەمی "پلانی ترەمپ"دایە بۆ راگرتنی شەڕ.

لە راگەیێندراوەکەی حەماسدا هاتووە، بزووتنەوەکە بەم هەنگاوە پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دووپات دەکاتەوە و جەخت لە گرنگیی رۆڵی نێوەندگیرەکان دەکاتەوە بۆ ناچارکردنی ئیسرائیل بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی لە ئەستۆیدایە بەپێی رێککەوتنەکە.

حەماس ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان بە دەستکەوت ناودەبات و دەڵێت، "ئازادکردنی دیلە قارەمانەکانمان، لەنێویاندا ئەوانەی سزای تاهەتایی و سزای قورسیان هەیە و دەیان ساڵیان لە پشت شیشەکانی زیندانەوە بەسەربردووە، بەرهەمی قارەمانێتی و خۆڕاگریی گەلە مەزنەکەمانە لە کەرتی غەززە... ئەمە وەفای موقاوەمەیە بۆ ئەو بەڵێنەی بە گەل و دیلەکانی داوە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، حەماس ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسرائیل بە رێگەی سەربازی شکستی هێناوە و هاتووە: "نەتەنیاهوو و سوپاکەی لە دوو ساڵی جەنگی جینۆساید و وێرانکاریدا نەیانتوانی دیلەکانیان بە زەبری هێز ئازاد بکەن، دواجار ناچار بوون ملکەچی مەرجەکانی موقاوەمە بن کە جەختی دەکردەوە تاکە رێگە بۆ گەڕانەوەی سەربازە دیلەکانی، رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن و کۆتاییهێنانە بە جەنگی جینۆساید."

بزووتنەوەکە دەشڵێت، ئەوان هەموو هەوڵێکیان دا بۆ پاراستنی ژیانی بارمتەکان، سەرەڕای هەوڵەکانی نەتەنیاهوو و سوپای ئیسرائیل بۆ کردنە ئامانج و کوشتنیان، ئەوە لە کاتێکدایە کە دیلە فەلەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا رووبەڕووی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک دەبنەوە، لە ئەشکەنجەدانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە سووکایەتی و کوشتن.

حەماس دەڵێت، پرسی دیلەکان وەک یەکێک لە لەپێشینە نیشتمانییەکان بۆ حەماس دەمێنێتەوە و ئارام ناگرن تاوەکو دوایین دیل لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکەن و کۆتایی بە داگیرکاریی ئیسرائیل دەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.