ئەو 20 بارمتانە کێ بوون ئەمڕۆ حەماس ئازادی کردن؟

13-10-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند یەکەم کاروانی بارمتەکان لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ئازاد کران، چاوەڕوانیش دەکرێت 48 بارمتە ئازاد بکرێن لەو ژمارەیەش 20 بارمتەیە زیندوون.
 
سەرجەمیان جگە لە یەکێک لە بارمتەکان نەبێت لە نێو ئەو 251 کەسەدا بوون لە هێرشی چەکدارانی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 رفێندرابوون و نزیکەی 1200 کەسی دیکە تێدا کوژران.
 
ئەو بارمتانەی ئیسرائیل دەڵێت لە یەکەم کارواندا ئازادکران بریتین لە: 
 
ئیتان مۆری تەمەن 25 ساڵ
 
ئەو وەک پاسەوانی ڤیستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا کاری دەکرد. باوکی ئیتان دەڵێت، کوڕەکەی دەیان کەسی لە رۆژی هێرشەکەدا رزگار کردووە، پێش ئەوەی لەلایەن حەماسەوە بڕفێنرێت. لە مانگی شوباتی 2025، خێزانی ئیتان، بە میدیاکانی راگەیاند، چەند ئاماژەیەکیان پێگەیشتووە کوڕەکەیان لە ژیاندا ماوە. لە مانگی ئایاری ئەم ساڵیش، رایانگەیاند، بارمتەیەکی ئازادکراو کە لە تونێلێکدا لەگەڵی بووە، پێی راگەیاندوون، چۆن ئیتان وەک "گوتەبێژی بارمتەکان" رەفتاری کردووە و "ورەی هەمووانی بەرز کردووەتەوە".
 

ئالۆن ئۆهێل تەمەن 24 ساڵ
 
ئالۆن هەڵگری وڵاتینامەی ئیسرائیلی، ئەڵمانی و سربییە. گرتە ڤیدیۆییەکانی حەماس نیشانی دەدەن لە ڤیستیڤاڵی نۆڤا وەک بارمتە گیراوە. لە مانگی ئابی 2025، حەماس ڤیدیۆیەکی ئالۆنی بڵاوکردەوە. مانگی رابردوو، خێزانی ئالۆن رەزامەندییان دەربڕی لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆییەکی نوێی کە تێیدا دەڵێت یەکێک لە چاوەکانی کوێر بووە.
 

گالی و زیڤ بێرمان
 
دوو برا تەمەن 28 ساڵان: ئەوان لەگەڵ دراوسێکەیان ئێمیلی داماری لە یەکێک لە کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل بەناوی کفار ئازا رفێنران. زیڤ بۆ ماوەی 40 رۆژ لەگەڵ ئیمیلی دەستبەسەرکرابوو پێش ئەوەی لێک جیاببنەوە. لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 لە کاتی دوایین ئاگربەستدا ئیبلی ئازاد کرا. خێزانی گالی و زیڤ رایانگەیاند لەلایەن بارمتەکانی ترەوە کە لە سەرەتای ساڵی 2025 ئازاد کرابوون، ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ئەوان هێشتا لە ژیاندا ماون.
 

گای گیلبۆع دەلال تەمەن 24 ساڵ
 
ئەو لەگەڵ گال برای ئامادەی فێستیڤاڵەکە بوون و رایگەیاند، ئەوکاتەی حەماس هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر ناوچەکە، بۆ دوایینجار لەگەڵ گال یەکتریان بینیووە. گال خۆی لە چەکدارەکان دوورخستەوە و خۆی حەشار داوە، بەڵام گای برای دەڕفێنرێت. مانگی رابردوو، حەماس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تێیدا نیشانی دەدات گای و بارمتەیەکی دیکە بەناوی ئالۆن ئۆهێل لە کۆتایی مانگی ئابدا بە دەوری شاری غەززەدا دەڕۆن، لەوکاتەی سوپای ئیسرائیل خۆیان بۆ هێرشی دیکە ئەنجام دەدەن.
 

ماتان ئەنگرێست سەربازێکی سوپای ئیسرائیل
 
ماتانی تەمەن 22 ساڵ لە 7 ی تشرینی یەکەمدا لە نزیک پەرژینی سنوورەکانی کەرتی غەززە دەستبەسەر دەکرێت. یەکێک لە ڤیدیۆکانی ئەو رۆژە، ماتان پێشان دەدات چۆن کۆمەڵێک چەکداری حەماس، لەنێو تانکێک دەریدەهێنن و بێهۆش بووە و بریندارە. لە سەرەتای ئەم ساڵدا، خێزانەکەی ماتان رایانگەیاند لەلایەن بارمتە ئازادکراوەکانەوە پێیانڕاگەیەندراوە، کوڕەکەیان لەکاتی بارمتەیی تووشی نەخۆشی تەنگەنەفەسی درێژخایەن بووە.
 

عومری میران
 
عومری تەمەن 48 ساڵ لە ماڵەکەی خۆی لەکۆمەڵگەی جوونشینی نەهال عوز رفێندرا. لیشای هاوسەری عومری، رایانگەیاند دوایین جار، هاوسەرەکەی بینیووە رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم لەلایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە. لە نیسانی 2025، حەماس ڤیدیۆیەکی عومری بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاهەنگی لەدایکبوونی دەکات.
 

ئاریەل کونیۆی تەمەن 28 ساڵ
 
لە هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی جوونشینی کیبوتس نیر عۆز لە 7 ی تشرینی یەکەم رفێندرا. ئیتان، برای ئاریەلە کە لە دەست چەکدارانی حەماس هەڵهاتبوو، لەدوای هێرشەکە ئەو راگەیاند دوایین پەیامی ئاریەل ئەوە بوو "ئێمە لە فیلمێکی ترسناکداین." 
 

دەیڤد کونیۆی تەمەن 35 ساڵ
 
یەکێکی دیکەیە لە براکانی ئاریەل لە نیر عۆز رفێندرا. شارۆن ئالۆنی کونیۆی هاوسەری دەیڤد و دوو کچە جمکەکەی ئەوکات سێ ساڵ بوون، ئێما و یولی، لە نێو ئەو 105 بارمتەدا بوون کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 لە ماوەی ئاگربەستێکی یەک هەفتەیی ئازاد کران.
 

مەتان زەنگاوکاری تەمەن 25 ساڵ
 
لەگەڵ هاوکارەکەی ئیلانا گریتزۆڤسکی لە نیر عۆز رفێندران. ئیلانا لە کاتی ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2023 ئازاد کرا. لە کانوونی یەکەمی 2024، حەماس ڤیدیۆیەکی ماتانی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند خۆی و هاوڕێ بارمتەکانی دیکە تووشی نەخۆشی پێست و بەدخۆراکیی بوون.
 

ئیتان هۆرن، تەمەن 38 ساڵ
 
هەڵگریی هاووڵاتینامەی ئیسرائیلی و ئەرجەنتینی، لەگەڵ برا گەورەکەی یائیر لە نیر عۆز  رفێندران. یائیر لە مانگی شوباتی 2025 لە دوایین ئاگربەستدا ئازاد کرا. حەماس لەو کاتەدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئیتان و یائیر یەکتری لە باوەش دەگرن و دەگرین. 
 

نەمرود کۆهێنی تەمەن 21 ساڵ
 
سەربازێکی سوپای ئیسرائیل بووە و لەرۆژی هێرشەکەدا، لەلایەن حەماسەوە بەدیل دەگیرێت کاتێک هێرش دەکەنە سەر تانکەکەی. لە مانگی شوباتی 2025، یەکێک لە بارمتە ئازادکراوەکان بە خێزانی نەمرود دەڵێن، کوڕەکەیان هێشتا زیندووە، بەڵام باری جەستەیی و دەروونی خراپە. 
 

یوسف چایم ئۆهانا، تەمەن 25 ساڵ
 
لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە ڤیستیڤاڵ میوزیکی نۆڤا بوون و رایگەیاند ئەوان لەکاتی هێرشەکەدا هەر لەوێ ماونەتەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵک و دەربازیان کردوون، پێش ئەوەی هەڵبێن و لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستگیر بکرێن. لە مانگی ئایاری 2025، حەماس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە یوسف و بارمتەیەکی دیکە بەناوی ئەلکانا بۆبۆت نیشان دەدەن. لە ڤیدیۆکەدا یوسف لەسەر زەوی کەوتووە و دۆخی تەندروستی خراپە.
 

ئەڤیناتان ئوری تەمەن 32 ساڵ
 
لەگەڵ هاوڕێ کچە نوا ئەرگامانی لە فێستیڤاڵەکە رفێندراون، بەڵام دەستبەجێ لێک جیادەکرێنەوە و نوا و سێ بارمتەی دیکە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئیسرائیل لە ناوەڕاستی غەززە لە مانگی حوزەیرانی 2024 رزگار کران. لە مانگی ئاداری 2025، خێزانی ئەڤیناتان رایانگەیاند هەواڵیان پێگەیشتووە، کوڕەکەیان هێشتا زیندووە. 
 

ماکسیم هێرکینی تەمەن 37 ساڵ
 
هەڵگری هاووڵاتینامەی ئیسرائیل و رووسیایە و لە دوایین ساتدا بانگهێشت کراوە بۆ فێستیڤاڵەکە. دوو هاوڕێی لە نێو ئەو 378 کەسەدا بوون کە لە هێرشەکەدا کوژراون. لە مانگی نیسانی 2025، ماکسیم لە ڤیدیۆیەکی حەماسدا لەگەڵ بار کوپەرشتاین دەرکەوت، ئەمەش یەکەم نیشانەی ژیانی هەردووکیان بوو لەوکاتەی بە بارمتە گیرابوون. مانگی رابردوو، ماکسیم لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا بە تەنیا و بەبرینداریی بینرا و حەماس ئەوکات رایگەیاند ماکسیم لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بریندار بووە.
 

بار کوپەرشتاین، تەمەن 23 ساڵ
 
لە فێستیڤاڵی میوزیکەکە کاری کردووە و لەکاتی هێرشەکەدا لە فێستیڤاڵەکەدا ماوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان. دواتر بە داپیری  گوتووە؛ "هەر تەواو بوون دەگەڕێتەوە ماڵەوە." بەڵام دواتر لە یەکێک لە ڤیدیۆیەکانی بارمتەکاندا دەبینرێت. 
 

سێگیڤ کالفۆن تەمەن 27 ساڵ
 
لەگەڵ هاوڕێیەکی لە ڤیستیڤاڵەکە هەڵهاتووە و دواتر لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراوە. دوای دوو مانگ، سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی رفاندنەکەی دۆزییەوە. لە مانگی شوباتی 2025، ئۆهاد بن عامی کە یەکێک بووە لە بارمتە ئازادکراوەکان، بە باوکی سیگیڤ دەڵێت، کوڕەکەی ئەوان و چوار بارمتەی دیکە لە تونێلێکدا دەستبەسەرن و لە "دۆخێکی خراپدان".
 

ئیڤیاتار دەیڤدی تەمەن 24 ساڵ
 
لە بەیانی هێرشەکەدا لە فیستیڤاڵی میوزیکەکە بووە و دوای هێرشەکە، پەیامێکی بۆ خێزانەکەی ناردووە و پێیڕاگەیاندووەر "ئەوان بۆردومانمان دەکەن". خێزانەکەی دەڵێت دواتر پەیامێکیان لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە پێگەیشتووە و تیێدا ڤیدیۆیەکی ئیڤیاتارە کە پێشانی دەدات لەسەر زەوی و ژوورێکی تاریکدا بە کەلەپچەکراوەیی کەوتووە. لە مانگی ئابی 2025، حەماس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئیڤیاتاری لاواز لە تونێلێکدا پێشان دەدات. گرتە ڤیدیۆییەکە تووڕەیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و نیگەرانییەکی قووڵی لای خێزانەکەی دروستکرد. 
 

رۆم براسلابسکی تەمەن 21 ساڵ
 
لە  فێستیڤاڵەکە پاسەوان بووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، رۆم لەکاتی هێرشەکەدا هەوڵی رزگارکردنی بریندارێکی داوە، بەڵام دواتر گیراوە. لە مانگی ئابی 2025، جیهادی ئیسلامی فەلەستین ڤیدیۆیەکی رۆمی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەبینرێت بە گریانەوە و دەڵێت خواردن و ئاوی دەستناکەوێت. ئەو دەڵێت ناتوانێت بەپێوە بوەستێت و بڕوات و لەسەر "لێواری مەرگە".
 

تامیر نمرۆدی تەمەن 20 ساڵ
 
ئەفسەر لە سوپای ئیسرائیل لە دەروازەی ئێرێز لە 7ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستبەسەر دەکرێت و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ کەرتی غەززە، تائێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی زیندوویی یان گیانلەدەستدانی بڵاونەکراوەتەوە. 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە