رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە بەهۆی نەبوونی کارەبا و سووتەمەنییەوە چیدیکە ناتوانێت وەک نەخۆشخانەیەک کاربکات، بەهۆی شەڕی بەردەوامی دەرەوەی نەخۆشخانەکە، خەڵک گیریان خواردووە و لە مەترسیدان. سەرۆکی ئیسرائیلیش دەڵێت، "هەموو شتێک باشە و لە نەخۆشخانەکە کارەبا هەیە."
رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "لەدوایین پەیوەندیمان لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە، پێمان راگەیێندرا کە نەخۆشخانەکە سێ رۆژە بێ کارەبا، ئاو، سووتەمەنی و ئینتەرنێتە. بەوجۆرە، بەداخەوە رایدەگەیێنین کە نەخۆشخانەکە چیدیکە وەک نەخۆشخانەیەک کارناکات و لەکار کەوتووە."
لە بڵاوکراوەکەی ئەدهانۆم دا هاتووە، "نابێت جیهان بێدەنگ بێت. لەکاتێکدا نەخۆشخانەکان دەبێت سەلامەتبن، بوونەتە شانۆی مردن، بێچارەیی و وێرانکاری. بەشێوەیەکی تراژیدی و بەرچاو ژمارەی مردنی نەخۆش و بریندارەکان روو لەزیادبوونە. شەڕ و ئاژاوەی دەرەوەی نەخۆشخانەکە دۆخی مەترسیداری نەخۆشخانەکەی خراپتر کردووە."
ئاگری جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە و جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە.
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، تاوەکو ئەمڕۆ و لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 12 هەزار و 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.
رۆژی شەممە 11-11-2023، وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، "بەهۆی نەمانی سووتەمەنی و کارەباوە، سێ کۆرپە گیانیان لەدەستداوە و ژیانی 36 کۆرپە کە پێش وادەی خۆیان لەدایکبوونە و پێویستییان بە ئامێری هەناسەدانە، لە مەترسییدایە. هەروەها هەر بەهەمان هۆکار چوار نەخۆشمان لەدەستداوە."
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، "خەڵک لە نێو نەخۆشخانەکان گیریان خواردووە و لەبەر شەڕی دەرەوەی نەخۆشخانەکە ناتوانن بێنە دەرەوە، ئامێری شووشەی منداڵە ناکامەکان لەکارکەوتوون، کارەبا و کەرەستە زۆر پێویستەکان لە لێواری تەواوبوون و نەمانن."
لەبارەی ئەو بڵاوکراوەیە، ئیسحاق هێرزۆگی سەرۆکی ئیسرائیل بە میدیای بەریتانیای راگەیاند، "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، کارەبا لە نەخۆشخانەی شیفا هەیە، هەموو شتێک کاردەکات. حەماس چەواشەکاریی دەکات."
لە نوێترین دەرکەوتن و لێدوانیدا درەنگی شەوی یەکشەممە، 12-11-2023، دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنییدا رایگەیاند، "ئێمە سووتەمەنیمان بە نەخۆشخانەی شیفا دا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە قسەمان کرد کە بێن 300 لیتر سووتەمەنی ببەن کە تەنیا 300 مەتر لە نەخۆشخانەکە دووربوو. ئێمە هێشتا چاوەڕێی بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکە دەکەین بێت ئەو سووتەمەنییە ببات، بەڵام بەرپرسانی حەماس گوشار لە نەخۆشخانەکە دەکەن کە سووتەمەنییەکە نەبەن."
دانیێڵ هەگاری لەبارەی رەوشی منداڵ و نەخۆشەکانی نێو نەخۆشخانەی شیفا رایگەیاند، "لەگەڵ سەرکردەکانی نەخۆشخانەی شیفا قسەمان کردووە و ئامادەییمان دەربڕیوە کە منداڵە تازە لەدایکبووەکان بگوازینەوە نەخۆشخانەیەکی سەلامەت، هەروەها پێمان راگەیاندوون کە ئیسرائیل ئامادەیە سووتەمەنی بۆ چەند مەبەستێکی گرنگ و تایبەت دابین بکات."
میدیای فەلەستین لە زاری خەڵکی نێو نەخۆشخانەکە و بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاند، "قسەکانی ئیسرائیل راست نییە، هێزەکانی ئیسرائیل لەبەردەم نەخۆشخانەکە خەریکی شەڕ و تەقەکردنن، کەس ناتوانێت بچێتە دەرەوە و کارەبا و سووتەمەنی نییە."
بەرپرسانی تەندروستیی ئیسرائیل رایانگەیاند، "نەخۆشخانەی شیفا هەزار و 500 نەخۆش، هەزار و 500 کارمەندی تەندروستی و 15 بۆ 20 هەزار خەڵکی تێدایە کە لە نەخۆشخانەکە داڵدەدراون."
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، رێکخراوی مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند، "نەخۆشخانەی قودس، دووەم گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززە، لەبەر نەبوونی سووتەمەنی، لەکار دەکەوێت و مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانی کارمەندانی تەندروستی، نەخۆشەکان و ئاوارەکان هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ