وەزارەتی کۆچ: کەمتر لە 5 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل ماون

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق پلانی هەیە ساڵی داهاتوو دۆسیەی کەمپی هۆل بە یەکجاری دابخات و سەرجەم عێراقییەکان بگەڕێنێتەوە.
 
کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند، هەرچەندە ئامارەکانی هەسەدە و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ژمارەی عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل جیاوازە، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی ئەوان، ئێستا کەمتر لە 5 هەزار عێراقی لە کەمپەکەدا ماونەتەوە.
 
هەروەها ئاشکرای کرد، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 19 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپەکەوە گەڕێندراونەتەوە." سەبارەت بە چارەنووسی گەڕاوەکانیش، کەریم نووری ئاماژەی بەوە کرد، سەنتەرێکی شیاندنەوەیان بۆ کراوەتەوە تاوەکو دووبارە تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە.
 
بریکاری وەزارەتی کۆچ جەختی لەوەش کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوبەشێکی بەهێزیانە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.
 
کەمپی هۆل کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێک لەوانەی لە کەمپەکەن عێراقین و هاوژین و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. 
 
وەزارەتی كۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتووە تاوەکو ساڵی 2027 هیچ خێزانێکی عێراقی لەو کەمپە نەمێنێت و سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 2-12-2025، محەممەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، راپۆرتی وەرزیی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی عێراق پێشکێشکرد. لەبارەی کەمپی هۆل گوتی، تاوەکو ئێستا 20 هەزار 800 کەس گەڕێندراونەتەوە.
 
 دواین کاروانیان رۆژی 1-12-2025 بوو کە 240 خێزان و زیاتر لە 850 کەس بوون.  ئەو خێزانانە لەدوای گەیشتنەوەیان برانە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا بۆ شیاندنەوەیان. 
 
 محەممەد حەسان جەختی لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکان بە مەبەستی تێکەڵکردنەوەیەکی "شکۆمەندانە و بەردەوامی" کردەوە، لەوانەش دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و "پاڵپشتی کۆمەڵگە"؛ ئاماژەی بە پلانی حکومەتیش کرد بە مەبەستی گەڕانەوەی هەموو هاووڵاتییەکانی لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە