لە ماکرۆنەوە بۆ نەتەنیاهوو: ژمارەی کوژراوانی غەززە جێگەی قبووڵ نییە و شەڕ بوەستێنە

14-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و پێی راگەیاندووە، "ژمارەی کوژراوەکانی غەززە جێگەی قبووڵکردن نییە و دەبێت شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکان بوەستن."
 
رۆژی چوارشەممە، 14-02-2024، کۆشکی ئێلیزیی فەرەنسا رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیانکردووە و ماکرۆن بە نەتەنیاهووی گوتووە، "ژمارەی ئەوانەی لە غەززە کوژراون جێگەی قبووڵکردن نییە و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لەوێ دەبێت بوەستن."
 
بەگوێرەی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا: "ماکرۆن هەڵوێستی تووندی فەرەنسای لە دژی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە رەفەحی باشووری غەززە بە نەتەنیاهوو راگەیاندووە و پێیگوتووە بەبێ درەنگکەوتن دەبێت بگەنە رێکەوتنی ئاگربەست."
 
رۆژی هەینی 9-2-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد پلانێکی بۆ ئامادە بکەن بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح. 
 
رۆژێک دوای ئەوە، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا هۆشدارییدا لەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح دەبێتە هۆی ئەوەی دەیان هەزار کەس لە شارەکە گیان لەدەستبدەن. 
 
ماکرۆن، هەروەک نووسینگەکەی باسی دەکات، بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە: "زۆر گرنگە هەموو خاڵە سنوورییەکان بکرێنەوە بۆ ئەوەی هاوکاریی بەپەلە و پێویست بگاتە ئەو ناوچەیەی فەلەستین."
 
پێش 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو و دەستپێکردنی جەنگی غەززە، شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کە هاوسنوورە لەگەڵ میسر، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 260 هەزار کەس بوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی جەنگەکە و ئاوارەبوونی هاووڵاتییان، ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار کەس لەو ناوچەیەی غەززەن.
 
ئێستا شاری رەفەح دوایین شاری کەرتی غەززەیە کە سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی نەکردبێت و دەکەوێتە سنووری میسر لە باشووری ئەو کەرتە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش تائێستا راینەگەیاندووە کە ئەو خەڵکەی لە شارەکە دەردەکرێن بەرەو کوێ دەبرێن.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی تەندروستیی غەززە، تا ئێستا 28 هەزار و 576 کەس کوژراون و 68 هەزار و 291 برینداربوون. تەندروستیی غەززە دەشڵێت، 103 کەس لە 24 کاژێری رابردوودا کوژراون. لە ئیسرائیلیش، هەزار و 140 کەس کوژراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە