سێنتکۆم: مووشەکێکی کرووزی حووسییەکانمان تێکشکاند

14-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم لە دەریای سوور رایگەیاند، مووشەکێکی کرووزی حووسییەکانیان کە ئامادەکرابوو ئاراستە بکرێت، تێکشکاندووە و دواتر حووسییەکان مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەی کەنداوی عەدەن کردووە.

رۆژی چوارشەممە، 14-02-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "رۆژی 13ـی شوبات کاژێر 2:35 دوای نیوەڕۆ بەکاتی سەنعا [هەمان کاتی هەولێر] هێزەکانی سێنتکۆم لە هێرشێکی خۆپارێزیدا مووشەکێکی کرووزی دژەکەشتی ASCMـیان لە ناوچەکانی ژێر جڵەوی حووسییەکانی یەمەن کە سەر بەئێرانن، کردە ئامانج."
 
بەگوێرەی سێنتکۆم، مووشەکەکە ئامادەکرابوو ئاراستەی کەشتییەکانی دەریای سوور بکرێن.
 
سێنتکۆم هەروەها رایگەیاند: "دواتر لە کاژیر 9:20 بە کاتی سەنعا مووشەکێکی بالیستیی دژە کەشتی ASBM لە ناوچەکانی حووسییەکانەوە لە یەمەن تەقێندرا و ئاراستەی کەنداوی عەدەن کرا. کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا مووشەکەکەیان بینی، بەڵام هیچ هەنگاوێکیان نەنا، چونکە مووشەکەکە نەبووە هەڕەشە و کاریگەری لەسەر هیچ کەشتییەک نەبوو؛ هیچ راپۆرتێکی کوژران و برینداربوونیش نەبوو."
 
سێنتکۆم دەشڵێت: "ئەم هێرشانە ئازادیی جووڵەی دەریایی دەپارێزن و رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان سەلامەتتر دەکەن."
 
لە راگەیێندراوێکی هاوشێوەدا سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "رۆژی 10ـی شوبات لەنێوان کاژێر 4:00 بۆ 5:00ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی سەنعا هێزەکانی سێنتکۆم دوو درۆنی بێفڕۆکەوان USV و سێ مووشەکی کرووزی دژە کەشتی ASCMـیان لە باکووری پارێزگەی حودەیدە لە یەمەن تێکشکاند."
 
شەوی 6-2-2024، دوو کەشتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەنی یەمەن لەلایەن چەکدارانی حووسییەوە بە نۆ مووشەکی بالیستی کرانە ئامانج. ئەوکات هێزی دەریایی بەریتانی رایگەیاند، کەشتیی یەکەمیان لە باشووری دەریای سوور و نزیک لە بەندەری حودەیدییەی یەمەن بووە، زیانێکی کەمی بە کەشتییەکی بەریتانی گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و کەشتییەکەش توانیویەتی بەردەوام بێت. 
 
لەدوای هێرشەکە، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان بەرپرسیارێتی لەو هێرشە مووشەکییە راگەیاند. 
 
لە 17 تشرینی دووەمی پارەوە، حووسییەکان زیاتر لە 30 هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریا سوور و کەنداوی عەدەن کردووە، حووسییەکان دەڵێن، ئەو هێرشانە وەکو تۆڵەکردنەوەیەکە لە بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. 
 
ئەو هێرشانە کێشەیان بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییە دروستکردووە کە ساڵانە 12٪ـی بازرگانیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت و هەندێ لە کەشتییەکان لەپێناو سەلامەتییان، رێگەیەکی دوورتر دەبڕن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە