سەرچاوەکان: بەحرێن و میسر نێوەندگیریی نێوان سعودیە و ئیمارات دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو سەرچاوە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، بەحرێن و میسر هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و سعودیە چاک بکەنەوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لە گرژیی دیپلۆماتیی نێوان ئەو دوو وڵاتە کاریگەرەی کەنداو.
 
رۆژی شەممە 14-02-2026، ئاژانسەکە بڵاویکردەوە؛ سعودیە و ئیمارات لە مانگی کانوونی یەکەمدا بە ئاشکرا کێشە کەوتە نێوانیان، کاتێک ریاز دراوسێکەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی پشتیوانیکردنی جوداخوازانی یەمەنەوە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانییەکەی دەکات.
 
فرانس پرێس، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی سعودیەوە جەختیکردەوە کە "پێویست بە نێوەندگیری ناکات" چونکە کەناڵی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو وڵاتدا کراوەیە. بەڵام چەند سەرچاوەیەک بە ئاژانسەکەیان گوتووە، لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمەوە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی ئاستبەرز لەنێوان ریاز و ئەبوزەبی نەبووە.
 
بەرپرسێکی کەنداو کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە: "بەحرێن سەرکردایەتیی هەوڵەکانی نێوەندگیری لەنێوان سعودیە و ئیمارات دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو ناکۆکیانە." گوتیشی ئامانجەکە "لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکانە" و ئەمەش "هەوڵێکی بەحرێنییە نەک هەوڵی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو."
 
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی باڵای بەحرێن ئەو قسانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، قسەکردن لەسەر نێوەندگیری "نادروستە و پشت بە زانیاریی فەرمی و سەرچاوەی باوەڕپێکراو نەبەستراوە."
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی بەحرێن لە زاری نەبیل ئەلحەمر، راوێژکاری میدیایی پاشای بەحرێن بڵاویکردەوە، سەردانەکانی بەرپرسانی بەحرێن بۆ وڵاتانی دیکەی کەنداو "بەشێکن لە بەرنامە و سەردانە پێشوەختەکان."
 
لەم هەفتەیەدا، سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی بەحرێن لە ریاز لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و لە ئەبوزەبیش لەگەڵ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.
 
رۆڵی میسر
سەرچاوەیەکی دیکەی ناوچەکە لە کەنداو رایگەیاند، میسریش هەوڵی کۆتاییهێنان بەو گرژییە دەدات. سەرچاوەکە دەڵێت: "میسر رۆڵێکی نێوەندگیری دەگێڕێت و پەیام لەنێوان سعودیە و ئیمارات دەگوازێتەوە."
 
رۆژی 5ی کانوونی دووەم، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە قاهیرە لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی، هاوتا میسرییەکەی و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆبووەوە. رۆژی دواتر عەبدولعاتی پەیوەندی بە عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیماراتەوە کردووە.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکە، میسر پەیامەکانی سعودیەی گەیاندووەتە ئیمارات و دەڵێت: "وەزیری دەرەوەی سعودیە لە قاهیرە وردەکاریی قەیرانەکەی لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی باسکردووە و ئەویش پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی ئیماراتەوە کردووە."
 
رۆژی دووشەممەی رابردووش، سیسی لە "سەردانێکی برایانەدا" گەیشتە ئەبوزەبی و لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە