سوودان رەتیدەکاتەوە دانیشتووانی غەززە وەربگرێت

14-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی سوودان دەڵێن، داوایەکی ئەمریکایان بۆ وەرگرتنی خەڵکی غەززە رەتکردووەتەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی ترەمپ گوتی، ئەمریکا دەست بەسەر کەرتەکەدا دەگرێت و خەڵکەکەشی بۆ وڵاتانی دراوسێی دەگوازێتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی میدیای ئەمریکی، ئیسرائیل و ئەمریکا پەیوەندییان بە بەرپرسانی سوودان، سۆماڵ و سۆماڵیلاندەوە کردووە و باسیان لە وەرگرتن و نیشتەجێکردنی غەززەییەکان کردووە.
 
دوو بەرپرسی سوودان بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس (AP)یان گوت، ئیدارەی ترەمپ پەیوەندیی بە حکومەتی سوودانەوە کردووە و باسیان لە وەرگرتنی هاووڵاتییانی غەززە کردووە.
 
یەکێک لە بەرپرسەکان گوتی، پەیوەندییەکان لە پێش 20-01-2025ـەوە دەستیان پێکرد، واتە پێش ئەوەی ترەمپ سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە سەرۆکی ئەمریکا.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ترەمپ بە حکومەتی سوودانی گوتووە، لەڕووی سەربازییەوە یارمەتیی سوپای وڵاتەکە دەدات بۆئەوەی باشتر لە بەرامبەر هێزەکانی پشتیوانیی خێرا شەڕ بکەن.
 
هەردوو بەرپرسەکە گوتیان، "سوودان دەستبەجێ ئەو داوایەی رەتکردەوە و جارێکی دیکە هیچ کەسێک باسی ئەو بابەتەی نەکرد."
 
عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی دیفاکتۆی سوودان کە ئەمریکا لە لیستی سزاکانی دایناوە، هەفتەی رابردوو لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە گوتی، "لەژێر هەر ناوێک بێت، سوودان بە هەموو جۆرێک گواستنەوەی برا فەلەستینییەکان لە خاکی خۆیان رەتدەکاتەوە."
 
سوودان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پەیماننامەی ئیبراهیمی لە ساڵی 2020 واژۆکردووە، کە تایبەتە بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.
 
ترەمپ پێشنیازیکرد زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی غەززە ببرێنە دەرەوەی کەرتەکە بۆ ئەوەی دەست بە ئاوەدانکردنەوەی بکرێت، ناوچەکە بکرێتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێشی بازرگانی و گەشتیاری.
 
چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی و ئەمریکی رایانگەیاند، پەیوەندییەکان لەگەڵ سۆماڵ و سۆماڵیلاند، دوای پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ غەززە دەستیان پێکرد، بەڵام ئاشکرایان نەکردووە چەند پێشکەوتن هەبووە.
 
دوای لێدوانەکەی ترەمپ، بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی بەدوای ئەو وڵاتانەدا دەگەڕێت کە غەززەییەکان وەردەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە