لوبنان دەست بە ناردنەوەی "خۆویستانەی" سووریاییەکان دەکات

15-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیمەشق، لوبنان زیاتر لە 300 کەسی گەڕاندەوە سووریا.
 
لوبنان، کە بەدەست قەیرانێکی دارایی سەختەوە دەناڵێنێت، کەوتووەتە ژێر گوشاری نێوخۆ بۆئەوەی سەدان هەزار ئاوارەی سووریایی بنێرێتەوە.
 
بەرەبەیان، ژمارەیەک ڤان و بارهەڵگری بچووک لە ناوچەی عەرسالی چوونە سەر سنوور بۆئەوەی ئەو پەنابەرانە بگەڕێننەوە سووریا. بارهەڵگرەکان پڕ کرابوون لە کەلوپەلی نێوماڵ، هەندێکیان تەنانەت مەڕ و بزنیشیان بارکردبوون.
 
پیاوێکی تەمەن 57 ساڵ کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ناوچەی قەلەموونی سووریایە، گوتی، "جارێ بە تەنیا دەڕۆمەوە، بۆئەوەی ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی خێزانەکەم بکەم. دڵخۆشم کە دوای 10 ساڵ دەگەڕێمەوە وڵاتەکەم."
 
میدیای فەرمیی لوبنان باس لەوە دەکات، نزیکەی 330 کەس ناویان تۆمار کردووە بۆئەوەی "بە شێوەیەکی خۆویستانە" بگەڕێنەوە. میدیای فەرمیی سووریاش پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەیەک هاووڵاتی لە لوبنانەوە گەیشتوونەتەجێ.
 
لوبنان کە لە کۆتایی ساڵی 2019وە کەوتووەتە نێو قەیرانێکی ئابووریی قووڵەوە، دەڵێت، "نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەری سووریایی لەخۆگرتووە، بەوەش بووەتە وڵاتی خاوەن بەرزترین رێژەی پەنابەر بەرامبەر بە هاووڵاتی." لای نەتەوە یەکگرتووەکان 785 هەزار لەوانە تۆمارکراون.
 
سەرەتای ئەم مانگە، یەکێتیی ئەورووپا یەک ملیار دۆلاری وەکو یارمەتی بۆ بەیرووت تەرخانکرد بۆئەوەی بتوانێت کۆتایی بە کۆچی نایاسایی بەرەو ئەورووپا بهێنێت، بەڵام لوبنانییەکان رەخنەی ئەوە لە یارمەتییەکە دەگرن کە نەبووەتە هۆی گەڕانەوەی سووریاییەکان بۆ سووریا.
 
بڕیارە چوارشەممە پەرلەمانی لوبنان بۆ تاوتوێکردنی یارمەتییەکەی یەکێتیی ئەورووپا کۆببێتەوە.
 
لوبنان لە ساڵی 2017وە دەستیکرد بە گەڕاندنەوەی پەنابەرە سووریاییەکان کە خۆی بە "ئارەزوومەندانە" وەسفی دەکات؛ بەڵام بەپێی ئەو لیستانە پەنابەرانی گەڕاوە دەستنیشان دەکات کە حکومەتی سووریا پێیان دەدات. 
 
دوایین کۆمەڵەی پەنابەران کە گەڕێندرابێتەوە، پێش ئەوەی سێشەممە، لە ساڵی 2022 بوو.
 
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) ئەو کات رایگەیاند کە حکومەتی لوبنان سووریاییەکان دەخاتە "مەترسیی گەورەی پێشێلکاری و سەرکوتکاری" و پەنابەران "ناتوانن ئازادانە و بە زاناییەوە بڕیارێک لە بارەی گەڕانەوەی خۆیان بدەن."
 
رۆژی دووشەممە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا داوای لە دامودەزگەکانی لوبنان کرد دەریا لە بەردەم بەلەمی کۆچبەران واڵا بکات بۆ ئەوەی گوشار بکەوێتە سەر یەکێتیی ئەورووپا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پووتین و ئەردۆغان؛ وێنەکە لە ئەرشیفەوە وەرگیراوە

ئەردۆغان بۆ پووتین: تورکیا داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات

سەرۆککۆماری تورکیا و هاوتا رووسییەکەی لەبارەی دۆخ و پێشهاتەکانی چەند رۆژی رابردووی سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی تورکیا رایدەگەیێنێت: وڵاتەکەی داکۆکی لە یەکپارچەیی سووریا دەکات. سەرۆکی رووسیاش داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان دەکات.