رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ بە ئەحمەد شەرعی گوتووە، "دەرفەتێکی زۆر گەورەی لەبەردەستدایە" بۆ ئەوەی "کارێکی گەورە" بۆ گەلی سووریا بکات و چەند داوایەکیشی لێکردووە.
کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-05-2025، لە ریاز کرا. محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ئامادە بوو، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە ئۆنلاین بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، ترەمپ پێنج داوای لە شەرع کردووە:
- ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا رێککەوتنامەی ئەبراهام واژۆ بکات
- ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا داوا لە تیرۆریستیانی بیانی بکات سووریا جێبهێڵ
- ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا تیرۆریستە فەلەستینییەکان بنێرێتەوە
- ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات بۆ رێگەگرتن لە بەهێزبوونەوەی داعش
- ترەمپ هانی ئەحمەد شەرعی دا بەرپرسیارێتی شوێنی مانەوەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەئەستۆ بگرێ
ڤیدیۆ گەیشت؛ کۆبوونەوەکەی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە ریاز، بە ئامادەبوونی شازادەی جێنشینی سعودیە؛ سەرۆککۆماری تورکیاش بە ئۆنلاین بەشدار بووە pic.twitter.com/wlP8B3nj4o
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 14, 2025
بە گوێرەی کۆشکی سپی، ئەردۆغان و محەممەد بن سەلمان ستایشی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپیان کردووە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و شازادەی جێنشینی سعودیە بڕیارەکەی بە "ئازایانە" وەسفکرد.
راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی روونیکردووەتەوە، ئەحمەد شەرع سوپاسی ئەردۆغان و بن سەلمانی کردووە بۆ رێکخستنی دیدارەکە و داوایشی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە لە وڵاتەدا وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گازدا بکەن.
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا، دیداری ئەحمەد شەرع و ترەمپی بە "مێژوویی" ناوبرد و دەڵێت، باسیان لە گرنگییی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا کردووە.
باسی لەوەش کردووە، لە دیدارەکەدا باس لە پێویستیی ئاوەدانکردنەوەی سووریا کراوە. ئاماژە بەوەش کراوە، لە دیدارەکەدا باس لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەرچوونی گرووپە چەکدارە بیانییەکان لە سووریا کراوەتەوە، ئەوەش لەپێناو سەقامگیریی ئەو وڵاتە.
وێنەی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع بە ئامادەبوونی محەممەد بن سەلمان لە هۆتێلێکی سعودیە؛ ئەردۆغانیش بە ئۆنلاین بەشدار بووە pic.twitter.com/MsiVNm60Kv
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 14, 2025
دەقی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی کۆشکی سپی :
ئەمڕۆ، سەرۆک ترەمپ، بە بانگهێشتی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە. سەرۆک ئەردۆغانی تورکیا بە تەلەفۆن بەشداری کرد. سەرۆک ئەردۆغان ستایشی سەرۆک ترەمپی کرد بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان لەسەر سووریا و بەڵێنی دا لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە کار بکات بۆ هاندانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سووریا. جێنشینی شازادەی سعودیەش ستایشی بڕیاری سەرۆک ترەمپی کرد بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان و بە ئازایەتی ناوی برد.
سەرۆک ترەمپ سوپاسی سەرۆک ئەردۆغان و شازادەی جێنشینی سعودیەی کرد بۆ هاوڕێیەتییان و بە سەرۆک شەرعی گوت، دەرفەتێکی گەورەی هەیە بۆ ئەنجامدانی کارێکی مێژوویی لە وڵاتەکەی. سەرۆک ترەمپ هانی سەرۆک شەرعی دا کارێکی باش بۆ گەلی سووریا بکات و هانی دا یەکەم:
- واژۆ لەسەر رێککەوتنەکانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل بکات
- داوا لە هەموو تیرۆریستە بیانییەکان بکات سووریا جێ بهێڵن
- تیرۆریستە فەلەستینییەکان دەربکات
- یارمەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بدات بۆ رێگرتن لە بەهێزبوونەوەی داعش
- بەرپرسیارێتیی شوێنی هێشتنەوەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە ئەستۆ بگرێ
سەرۆک شەرع سوپاسی سەرۆک ترەمپ، شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆک ئەردۆغانی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە رێکخستنی کۆبوونەوەکە و دانی نا بە دەرفەتە گرنگەکە کە بەهۆی جێهێشتنی ئێرانییەکان بۆ سووریا دروست بووە، هەروەها دانی نا بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی چەکی کیمیایی. سەرۆک شەرع پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل دووپات کردەوە. سەرۆک شەرع هیوای خواست بەوەی سووریا ببێتە بەستەرێکی گرنگ بۆ ئاسانکردنی بازرگانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا و کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بانگهێشت کرد بۆ وەبەرهێنان لە نەوت و گازی سووریا. شەڕی رووسیا-ئۆکرانیا و شەڕی غەززەش تاوتوێ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ