محەممەد بن سەلمان: ئەو داهاتووەی کاری بۆ دەکەین پێویستی بە ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارامە

14-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو- ئەمریکا لە ریاز رایگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان بە بەشداری دۆناڵد ترەمپ، درێژکراوەی پەیوەندیی مێژوویی نێوان وڵاتەکەمان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە لە چەندین دەیەی رابردوودا بەرەوپێشچوونی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە. ئێستا دەتوانین کاری هاوبەش پێکەوە بکەین."
 
محەممەد بن سەلمان گوتی: "هەمان لووتکەی کەنداو- ئەمریکا کە لە ساڵی 2017 بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەچوو، جەختی کردەوە لە بەهێزبوونی وڵاتانی کەنداو و بنبڕکردنی تیرۆر، هەروەها بەهێزکردنی توانای ئەمنی، بەرگری و سەربازی وڵاتانی ئەنجوومەنەکە، بۆ تێپەڕاندنی هەر بەربەستێک کە رووبەڕوومان دەبێتەوە."
 
بە گوتەی شازادەی جێنشینی سعودیە، "بەشداریکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم کۆبوونەوانەدا لەسەر بنەمای باوەڕبوونە بە گرنگیی هاوبەشی ئابووری و هاوکاری بازرگانیی ئەمریکا، چونکە ئەمریکا هاوبەشێکی بازرگانی و وەبەرهێنانی سەرەکییە بۆ وڵاتەکانمان کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان وڵاتانمان لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی 2024 نزیکەی 120 ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە. کارکردنیشمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری و بوارەکانی دیکە، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولامان بکات."
 
محەممەد بن سەلمان ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو داهاتووەی کاری بۆ دەکەین بۆ بەدیهاتنی ئاواتەکانمان و گەشانەوەمان، پێویستی بە ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارامە، بەڵام قەبارەی ئەو ئاڵنگارییانە دەزانین کە لە ناوچەکەمان هەن. هاوکاری دۆستانمان هەوڵ دەدەین، بۆ وەستاندنی گرژییەکانی ناوچەکە و وەستاندنی شەڕ لە غەززە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ دۆسیەی فەلەستین، بۆئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە بێتە ئاراوە."
 
شازادەی جێنشینی سعودیە باس لەوەش دەکات کە "شانشینەکەمان هانی لایەنە یەمەنییەکان دەدات بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر لە یەمەن، لەگەڵ ئارامکردنەوەی دۆخی سوودان، هەروەها جەخت لە رێزگرتن لە سەروەریی سووریا و خاکەکەی دەکەینەوە. سوپاسی سەرۆک دۆناڵد ترەمپیش دەکەین بۆ بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا."
 
محەممەد بن سەلمان گوتی: "پاڵپشتیی تەواوی لوبنان دەکەین بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و دڵخۆشی خۆمان بۆ ئاگربەستی نێوان پاکستان و هیندستان دەردەبڕین؛ سوپاسی دۆناڵد ترەمپیش دەکەین بۆ ئەو رۆڵەی لە بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا دەیگێڕێت."
 
ئەمڕۆ 14-5-2025 لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو- ئەمریکا لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە