ئێران بۆ جاری سێیەم هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل

14-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باکووری ئیسرائیل و بەرزاییەکانی گۆلان لێدرا، هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەیەک مووشەکی دیکە لە ئێرانەوە ئاراستە کراون و هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی کار بۆ بەرپەرچدانەوەیان دەکات. تەنیا لەم شەوەدا ئەوە سێیەم زنجیرە هێرشی ئێرانە.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کەمێک لەمەوبەر، دوای دەستنیشانکردنی مووشەک لە ئێرانەوە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل لێدرا."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەم کاتەدا، هێزی ئاسمانی کار بۆ بەرپەرچدانەوە و هێرشکردن دەکات لە هەر شوێنێک کە پێویست بێت بۆ لابردنی هەڕەشەکە."
 
ئەمە سێیەم زنجیرە هێرشی مووشەکیی ئێرانە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا، کە دوای هێرشە بەرفراوانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دێت.
 
ئەم هێرشە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم گرژییەکی بێوێنەدایە. ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی. بەپێی ئاماری فەرمیی ئێران، 78 کەس کوژراون و زیاتر لە 320ی دیکە بریندار بوون.
 
لە بەرامبەردا، ئێران ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"ـی راگەیاند و بە چەندین شەپۆلی مووشەکی وەڵامی دایەوە. تاوەکو ئێستا، ژنێک لە ئیسرائیل کوژراوە و نزیکەی 60 کەسی دیکە برینداربوون.
 
هاوکات، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی هۆشداریداوە، هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی هەر وڵاتێک یارمەتیی ئیسرائیل بدات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە یارمەتیی ئیسرائیلیان داوە لە خستنەخوارەوەی مووشەکەکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە