رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، پێویست بوو سوپای وڵاتەکەی وەڵامی سوپای ئیسرائیل بداتەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی کردی، "سزادانی زایۆنییەکانیش بەردەوام دەبێت."
ئەمڕۆ شەممە 14ی حوزەیرانی 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "سزادانی رژێمی زایۆنیستی بۆ زیندووکردنەوەی شانازیی نەتەوەییمان و گەیشتن بە مافە رەواکانی گەلەکەمان بە شێوەیەکی سرووشتی پێویست بوو؛ بۆیە بەگوێرەی فەرمانی فەرماندەی گشتی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، هەنگاو بۆ سزادانی ئەم دەسەڵاتە گیرایەبەر."
مهاجرانی گوتیشی، "پێویست بوو رژێمی زایۆنی سزابدرێت لە بەرامبەر ئەو کردەوە تیرۆریستی و دڕندانەی بەرامبەر وڵاتەکەمان کردی. سزادانی زایۆنییەکان لەو شوێن و کاتانەی پێویستە، بەردەوام دەبێت."
لەبارەی بەڕێوەبردنی کارەکانی حکومەت، گوتەبێژەکەی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەت هەوڵ دەدات کاروباری ئێستای وڵات بە باشترین شێوە و بەبێ کێشە بەڕێوەببات."
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکە کوژران.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند و شەوی رابردوو چەند جارێک هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی 78 کەس بکوژرێن و زیاتر لە 320 کەسی دیکەش بریندار بن کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون.
بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە بووەتە هۆی بریندار بوونی لانیکەم 60 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ