ئیسرائیل هەڕەشەی سووتاندنی تاران دەکات

14-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
پاشماوەی بۆردوومانی ئیسرائیل لە ئێران
پاشماوەی بۆردوومانی ئیسرائیل لە ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تادێت شەڕەکە سەختتر دەبێت. تۆڵەسەندنەوەی ئێران بە هێرشی مووشەکی بالیستی، ئیسرائیلی تووڕەتر کردووە. تەقینەوەی مووشەک لە نێوجەرگەی تەلئەڤیڤ و وێرانبوونی باڵەخانەکانی، بۆ ئیسرائیلییەکان نامۆیە. 
 
ئێفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "بەداخەوە، دوێنێ لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر شوێنی دانیشتووان، سێ کەسی سڤیل کوژران و 76ی دیکە بریندار بوون."
 
ئیسرائیل بە بۆردوومانکردنی دەیان پێگەی سەربازی و ئابووری لە خوزستان، تەورێز، ئیلام، کرماشان، لوڕستان و تاران وەڵامی دایەوە. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش هەڕەشەیکرد کە ئەگەر ئێران هێرشە مووشەکییەکانی نەوەستێنێت؛ تاران دەسووتێنن.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بە زیاتر لە 70 فڕۆکەی جەنگی، دەیان خاڵی سیستمی بەرگری و پێگەی دیکەی سەربازییان لە تاران لەنێوبردووە و ئیدی ئاسمانی پایتەختی ئێران لە بەردەم فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل واڵایە و ئێران لەوێ هیچ بەرگرییەکی نەماوە. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، گورزی گەورەیان لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران داوە و ئێستا نۆرەی بەرنامە مووشەکەکییەتی. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "بەم زوانە، فڕۆکە و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ئاسمانی تاران دەبینن. لە هەموو شوێن و پێگەیەکی رژێمی ئایەتوڵڵاکان دەدەین. ئەوەی کە تاوەکو ئێستا هەستیان پێکردووە، هیچ نییە بەراورد بەو شتەی لە چەند رۆژی داهاتوو لە ژێر زەبری هێزەکانمان هەستی پێ دەکەن."
 
ئێران ئەمڕۆ کوشتنی سێ زانای دیکەی ئەتۆمی، دوو جێگری سوپاسالار و ژمارەیەک پاسداری راگەیاند. 
 
کۆی گشتیی کوژراوانی ئێران بۆ لانیکەم 80 کەس بەرزبووەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، هەروەها زیاتر لە 320 کەسیش بریندار بوون. 
 
سوپای ئیسرائیل چاوەڕوان دەکات ئێران لە هێرشە مووشەکییەکانی بەردەوام بێت. 
 
هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "بە درێژەپێدانی دەستدرێژی، رژێمی زایۆنی رووبەڕووی وەڵامێکی بەهێزتری ئێران دەبێتەوە". گوتیشی، "رژێمی زایۆنی بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی دەکات". 
 
میدیای ئێرانیش دەڵێت، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە هۆشداریی بە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا داوە، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران یارمەتیی ئیسرائیل بدەن، ئەوا بنکە سەربازییەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەنە ئامانج. 

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.