رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکانیان بۆ سەر سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران بەردەوامن، ئەوەش دوای ئەوەی بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
رۆژی شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە لێدانی دەیان سەکۆی مووشەکی ئێران بەردەوامە.
هاوکات، میدیای فەرمیی ئێران لە زاری بەرپرسێکی سەربازی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم رووبەڕووبوونەوەیە بە کردەوە سنووردارەکانی شەوی رابردوو کۆتایی نایەت و هێرشەکانی ئێران بەردەوام دەبن، ئەم کارەش بۆ دەستدرێژیکاران زۆر بەئازار و جێگەی پەشیمانی دەبێت."
ئێران و ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی شەممە، هێرشیان کردەوە سەر یەکدی.
لە تەلئەبیب و قودس/ئۆرشەلیم، زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لێدرا و وایکرد دانیشتووان بە پەلە رووبکەنە پەناگەکان. سوپا ئیسرائیلیش رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە.
ئیسرائیل ئەوەی پشتراستکردەوە کە هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی 2 کەس و برینداربوونی نزیکەی 60 کەس.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە شەوی رابردووەوە دەیان مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون و هەندێکیان خراونەتە خوارەوە.
میدیای ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە تاران بیستراوە.
ئاژانسی هەواڵی "فارس" رایگەیاند کە دوو مووشەک بەر فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران کەوتوون و باسی لەوە کردووە کە ئاگر لە فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ