رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیل لەو شوێنەن کە لەلایەن ئێرانەوە بەئامانج گیراون. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
هێرشێکی مووشەکیی راستەوخۆی ئێران ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی لە نێوەڕاستی ئیسرائیل کردە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی نزیکەی 20ـی دیکە.
گوتەبێژی دەزگەی فریاکەوتنی نیشتمانیی ئیسرائیل (ماگن دەیڤید ئادۆم) رایگەیاند، تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و رایانگەیاندووە کە سێ لە بریندارەکان رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە. تاوەکو ئێستا شوێنی وردی هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەمە سێیەم حاڵەتی کوژرانی هاووڵاتیی سڤیلە لە ئیسرائیل لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا.
ئەم رووداوە ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو هاووڵاتییانی ئیسرائیلدا زیاتر کردووە، بەتایبەتی کە نیشانەی ئەوەیە مووشەکەکانی ئێران توانیویانە بەشێک لە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل ببڕن و ئامانجەکانیان لەنێو شارە قەرەباڵخەکاندا بپێکن.
لەلایەکی دیکە، میدیای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو، سێ کەس کوژراون و 80 کەسیش بریندارن.
ئەم هێرشە نوێترینە لە زنجیرە وەڵامدانەوەکانی ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، کە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دێت بۆ ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو"ی ئیسرائیل.
گرژییەکان بەرەبەیانی رۆژی هەینی دەستیانپێکرد، کاتێک ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، لەنێویاندا حوسێن سەلامی و محەممەد باقری، لەگەڵ 6 زانای ئەتۆمی.
لە وەڵامدا، ئێران چەندین زنجیرە مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە. پێشتریش میدیای ئیسرائیلی باسی لە رووخانی تەواوەتیی چەندین باڵەخانە لە تەلئەڤیڤ کردبوو.
کردنە ئامانجی راستەوخۆی ناوچەی نیشتەجێبوون، لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە تاوەکو یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی دیکە، بەردەوام داوای دانبەخۆداگرتن و رێگریکردن لە گرژیی زیاتری شەڕەکە دەکەن؛ بەڵام هەردوو لایەن سوورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و هەڕەشەی گورزی قورستر لە یەکدی دەکەن، ئەمەش ناوچەکەی خستووەتە بەردەم مەترسیی شەڕێکی گشتگیری کارەساتبارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ