رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس ستایشی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی بۆسەر ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ئەم هێرشانە شکستیان بە سیستمەکانی بەرگریی "پڕوپاگەندە بۆکراوەکانی" ئیسرائیل هێناوە.
لە راگەیێندراوێکدا عیزەت ریشق، سەرکردەی باڵای بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، سیستمە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئیسرائیل وەکو "گومەزی ئاسنین و قەڵخانی داود" شکستیان هێناوە، ئەو وڵاتە "لەو ئاگرەدا دەسووتێت کە ماوەیەکی زۆرە لەنێو گەلانی ناوچەکەدا هەڵیکردووە."
سەرکردەکەی حەماس دەشڵێت، "وەڵامدانەوە بەهێزەکەی ئێران ئەوەی سەلماند کە هیچ لووتبەرزییەک بەبێ وەڵامدانەوە نامێنێتەوە و هیچ دەستدرێژییەکیش بەبێ سزا نابێت."
ئەم لێدوانەی سەرکردەکەی حەماس لە کاتێکدایە، گرژییەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتوونەتە لووتکە. حەماس، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت، بە بەشێک لە "بەرەی بەرگری" دادەنرێت، کە چەندین گرووپی دیکەی وەکو حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن لەخۆدەگرێت.
ئەم هەڵوێستە هاوکات نیشانەی یەکگرتوویی "بەرەی بەرگری"یە لە بەرامبەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیدا، پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکەدا، ئەم گرووپانە رۆڵی چالاکتریان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ