رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل بە چەندین مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی چەندین فەرماندەی باڵا و وەڵامدانەوەی خێرای ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل چەند رۆژێک دەخایێنێت. ئاماژەی بەوەش داوە، هەواڵگریی ئیسرائیلی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی تاران لە "خاڵی نەگەڕانەوە" لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا نزیک دەبێتەوە.
ئێران هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "راگەیاندنی جەنگ" وەسف کرد و بە دەیان مووشەک وەڵامی دایەوە. لەگەڵ زیادبوونی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دانبەخۆداگرتن، ترسی ئەوە هەیە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر لێواری شەڕێکی فراوانتر بێت.
ئەوەی تاوەکو ئێستا روویداوە:
1. هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
هێرشەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانیی رۆژی هەینی دەستیان پێکرد و بە درێژایی رۆژەکە بەردەوام بوو. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان، بنکەی ژێرزەمینیی نەتەنز بوو، کە چەندین جار کرایە ئامانج. رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئاستی تیشکدانەوە لە دەرەوەی بنکەکە "نەگۆڕاوە." ئێران دەڵێت، زیانێکی سنووردار بە بنکەکانی فۆردۆ و ئەسفەهان گەیشتووە.
2. کوژرانی فەرماندەکان
لە باڵاترین ئەو فەرماندانەی ئێران کە کوژران حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان بوون، کە رێبەری باڵای ئێران بەپەلە جێگرەوەی بۆ داناون. هەروەها ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران و بەرپرسی بەرنامەی مووشەکی بالیستی، کوژراوە.
میدیای ئێران دەڵێت، ژمارەیەک زانای ئەتۆمییش کوژراون. باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.
3. هێرشە بەردەوامەکان
هێرشی دیکە کراونەتە سەر ناوچەی ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە باکووری رۆژئاوای ئێران، کە بەپێی میدیای ئێران 18 کەس تێیدا کوژراون. گوتەبێژێکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاند، زیاتر لە 200 شوێن کراونەتە ئامانج. لە بەرامبەردا هێڵی ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێران سنووردار کراوە.
4. وەڵامی ئێران
شەوی رابردوو ئێران بە دەیان مووشەک وەڵامی دایەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەیش شەپۆلێکی نوێی هێرشی دەستپێکرد.
هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، کار بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان دەکات. تیمەکانی رزگارکەری ئیسرائیل رایانگەیاند، رۆژی شەممە چارەسەری 21 برینداریان کردووە. پێشتریش رایانگەیاندبوو، 34 کەس لە ناوچەی گوشدان بریندار بوون و ژنێک بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. بە کۆی گشتی کوژرانی سێ کەس پشتڕاست کراوەتەوە.
5. تێوەگلانی ئەمریکا
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئیسرائیلی بە "راگەیاندنی جەنگ" وەسف کرد و داوای کردەوەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل پێشوەختە ئاگاداری کردووەتەوە، بەڵام جەختیکردەوە کە واشنتن بەشدار نەبووە.
ترەمپ هۆشداریی دا کە هێرشەکانی داهاتوو "دڕندانەتر" دەبن و داوای لە ئێران کرد رێککەوتنێک بکات.
6. بەرنامەی ئەتۆمی
تاران هەمیشە رەتیکردووەتەوە کە بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە بێت، بەڵام یۆرانیۆم بە رێژەی 60% دەپیتێنێت، کە زۆر لە سەرووی رێژەی 3.67%ی رێککەوتنی 2015وەیە.
خولی نوێی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە لە عومان بەڕێوەبچێت، وا دیارە هەڵوەشێندراوەتەوە.
7. کاردانەوەکان
هێرشەکە و وەڵامەکەی، نیگەرانیی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە. لە ترسی فراوانبوونی شەڕەکە و کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت، زۆربەی وڵاتەکان داوای دانبەخۆداگرتن دەکەن.
ئیسرائیل، ئێران، عێراق، ئوردن و سووریا ئاسمانی خۆیان داخست. نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش مەترسییەکان لەسەر گەرووی هورمز زیاد دەکات، کە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ