رووداو دیجیتاڵ
ئێران بە چەندین مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش دوای ئەوەی لە هێرشێکی بەرفراواندا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی، ژمارەیەک ژەنەراڵی باڵا و زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتە کوژران.
تیمەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل رایانگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون، دوو کەس کوژراون، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات سەرەڕای بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، لەسەر هێرشەکانیان بەردەوام بوون.
ئێران داوای لە هاووڵاتییانی کرد لە بەرگریکردن لە وڵات یەکبگرن. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش هانی خەڵکی ئەو وڵاتەی دا تاوەکو دژی حکومەتەکەیان راپەڕن.
بە درێژایی شەو، زەنگی ئاگادارکردنەوە و دەنگی تەقینەوە لە سەرانسەری ئیسرائیل دەبیسترا و زۆرێک لە دانیشتووان لە پەناگەکاندا مانەوە تاوەکو فەرماندەکانی بەرگریی ناوخۆیی هۆشدارییەکانیان هەڵگرت.
ئیسرائیل رایگەیاند، لە دوایین هێرشەکاندا دەیان مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستە کراون، کە هەندێکیان خراونەتە خوارەوە. وێنەکان لە شاری رامەت گان لە نزیک تەلئەڤیڤ، باڵەخانەی رووخاو، ئۆتۆمبێلی تێکشکاو و شەقامی پڕ لە پاشماوەیان نیشان دا.
تیمەکانی فریاگوزاریی ئیسرائیل رایانگەیاند، رۆژی شەممە بەهۆی هێرشێکی مووشەکییەوە بۆسەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە دەشتی کەناراوەکان، دوو کەس کوژران و 19ی دیکەش بریندار بوون.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دەیان ئامانج لە ئیسرائیل.
رۆژی هەینی، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئیسرائیل بۆ چەندین کاژێر کاریان کرد بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی کە لە باڵەخانەیەکی بەرزدا لە تەلئەڤیڤ گیریان خواردبوو.
چێن گابیزۆن، یەکێک لە دانیشتووانی باڵەخانەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، دوای ئاگادارکردنەوەیەک، بەرەو پەناگەیەکی ژێر زەوی رایکردووە.
گابیزۆن گوتی، "دوای چەند خولەکێک، تەنیا گوێمان لە تەقینەوەیەکی زۆر گەورە بوو؛ هەموو شتێک دەلەرییەوە. دووکەڵ، تۆز، هەموو شوێنێکی گرتبووەوە."
تیمەکانی فریاگوزاری رایانگەیاند، لە ناوچەی گۆش دان 34 کەس بریندار بوون، لەنێویاندا ژنێک کە دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
"ئیسرائیل خۆی بۆ زیاتر ئامادە دەکات"
یەحیئێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ CNN گوتی، رۆژی هەینی ئێران سێ زنجیرە مووشەکی بالیستیی ئاراستە کردووە، کە کۆی گشتی نزیکەی 150 مووشەک بوون.
لایتەر گوتی، "پێشبینی دەکەین ئێرانییەکان، کە خاوەنی نزیکەی 2000 مووشەکی بالیستین، بەردەوام بن لە ئاراستەکردنیان."
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، ئاگر و دووکەڵێکی چڕ لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد لە تاران بەرز بووەتەوە، هاوکات میدیای ئێران باسی لە تەقینەوەیەک کرد.
لە سەرانسەری پایتەختی ئێران دەنگی تەقینەوە دەبیسترا، لە کاتێکدا ئێران سیستمی بەرگریی ئاسمانیی خۆی دژی هێرشەکان کارا کرد.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانی شەودا هێرشیان کردووەتە سەر "سیستمی بەرگریی" ئێران لە ناوچەی تاران.
دەیان ئێرانی چوونە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی خۆشییان بەرامبەر وەڵامدانەوەی سەربازیی وڵاتەکەیان؛ هەندێکیان ئاڵای نیشتمانییان بەرز کردبووەوە و دروشمی دژە ئیسرائیلییان دەگوتەوە.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی رایگەیاند، لە زنجیرەی یەکەمی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکەش بریندار بوون.
لە کاتێکدا ترسی فراوانبوونی ململانێکە زیاد دەکات، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هەردوولا کرد ئاگربەست بکەن.
گۆتێرێز درەنگانی شەوی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "گرژیی بەسە. کاتی وەستانە. دەبێت ئاشتی و دیپلۆماسی زاڵ بێت."
"دیالۆگ و دیپلۆماسی"
بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاند، یارمەتیی ئیسرائیل دەدەن بۆ بەرگریکردن لە هێرشە مووشەکییەکان، هەرچەندە واشنتن جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانەوە نییە.
نووسینگەی کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ ستارمەر هاوڕا بووە کە "دیالۆگ و دیپلۆماسی" پێویستن بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکە.
بەرپرسانی ئەمریکی بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخەنەڕوو، رایانگەیاند، ترەمپ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش قسەی کردووە.
هێرشە مووشەکییەکانی ئێران لە وەڵامی هێرشە چڕەکانی رۆژی هەینیی ئیسرائیلدا بوون، کە بووە هۆی کوژرانی چەندین ژەنەڕاڵی باڵای ئێرانی و زۆربەی سەرکردایەتیی باڵای هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی رایگەیاند، شەش زانای ئەتۆمییش لەنێو کوژراوەکاندان.
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا بەڵێنی دا ئیسرائیل "وێران بکات."
نەتەنیاهوو هانی ئێرانییەکانی دا دژی سەرکردەکانیان راپەڕن و هۆشداریی دا کە هێرشی زیاتر بەڕێوەیە و گوتی، "لە کاتێکدا ئێمە بە ئامانجەکانمان دەگەین، رێگەش بۆ ئێوە خۆش دەکەین تاوەکو ئازادیی خۆتان بەدەست بهێنن."
ئاستی تیشکدانەوە 'وەک خۆیەتی'
ئیسرائیل بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کرد، لەنێویاندا دامەزراوەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمی ژێرزەوی لە نەتەنز لە نێوەڕاستی ئێران.
ئیسرائیل دەڵێت، زیانی بە ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی دامەزراوەکە گەیاندووە، بەڵام ئێران رایگەیاند، زۆربەی زیانەکان لەسەر زەوی بوون و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بێهرووز کەمالوەندی، گوتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران گوتی، "زۆربەی زیانەکان لەسەر ئاستی رووی زەوین."
کەمالوەندی گوتی، زیانەکانی بنکە ئەتۆمییەکانی فەردۆ و ئەسفەهانیش سنووردار بوون.
ململانێیەکە گومانی خستە سەر پلانی دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان، کە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە بەڕێوەبچێت.
دوای زنجیرەی یەکەمی هێرشەکان لە رۆژی هەینی، ترەمپ هانی ئێرانی دا "رێککەوتنێک بکات" و گوتی واشنتن "هیوادارە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن."
ئەمریکا و حکومەتە رۆژئاواییەکانی دیکە چەندین جار ئێرانیان بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار کردووە، کە تاران بەردەوام رەتیکردووەتەوە.
نەتەنیاهۆ گوتی، هەواڵگریی ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا نزیک دەبێتەوە لە "خاڵی بێگەڕانەوە."
ئێران لە ئێستادا یۆرانیۆم بە رێژەی 60% دەپیتێنێت، کە زۆر لە سەرووی سنووری 3.67%ـەوەیە کە لە رێککەوتنی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزەکاندا دیاریکرابوو، بەڵام هێشتا کەمترە لە ئاستی 90%ـی پێویست بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ