رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، باڵیۆزى عێراق لە تورکیا بانکى دادگە کراوە، ئەویش بە تۆمەتی زیادبوونی سامانەکەی، کە بە زیاتر لە دوو ملیار دینار مەزەندە کراوە، لەکاتێکدا ئەو باڵیۆزە پێنج مانگە ئەو پۆستەى وەرگرتووە.
رۆژی 14ى تەمموزى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دادوەرى دادگەى ناوەندى بنبڕکردنى گەندەڵى لە بەغدا فەرمانێکى دەرکردووە بۆ بانگکردنى باڵیۆزى عێراق لە تورکیا بۆ بەردەم ئەو دادگەیە، بەهۆى ئەوەى فەرمانگەى خۆپارێزى لە دەستەى دەستپاکى زیادبوونى موڵک و ماڵەکەى بەدیکردووە، کە دەگاتە دوو ملیار و 304 ملیۆن و 787 هەزار دینار.
ماجید لجماوى، باڵیۆزى عێراق لە تورکیا، لە 15ى شوباتى 2023 ئەو پۆستەى وەرگرتووە، ئەو باڵیۆزە ساڵى 1965 لە بەغدا لە دایکبووە. بەرلەوەى ئەو پۆستە وەربگرێت، سەرۆکى فەرمانگەى ئەمریکا بووە لە وەزارەتى دەرەوەى عێراق.
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاندووە، کردنەوەى ئەو دۆسیەیە لەدژى باڵیۆزى عێراق لە تورکیا لەدواى ئەوە بووە کە دەرکەوتووە زیادبوونى موڵک و ماڵەکەى هاوتا نییە لەگەڵ داهاتەکانیدا، ئەوەى بە "دەستکەوتى ناڕەوا" ناوبردووە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەداوە لجماوی لەکاتی پڕکردنەوەى فۆڕمى ئاشکراکردنى سەروەت و سامانیدا زانیاریى شاردووەتەوە و "زانیاریی ناڕاست و چەواشەکارانە"ی لەبارەى سەرچاوە داراییەکانییەوە پێداون.
بانگکردنى ئەو باڵیۆزە بۆ بەردەم دادگە لەسەر بنەماى بڕگەى دووەمى مادەى 19ى یاسای دەستەى دەستیاکى ساڵى 2011 بووە، کە تایبەتە بە بەدەستهێنانى ناڕەواى موڵک و ماڵ. سزای ئەو تاوانە دەگاتە حەوت ساڵ بەندکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ