رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا لانیکەم 22 کەس کوژراون، لە کاتێکدا ئیسرائیل و چەکدارە فەڵەستینییەکان باسیان لە رووبەڕووبوونەوە لە باکووری کەرتی غەززە کردووە.
ئەم پێشهاتە نوێیە لە کاتێکدایە، دوای هەفتەیەک لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە قەتەر لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، دانوستاندنەکان گەیشتوونەتە بنبەست.
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە گوتی، 10 فەڵەستینی لە سێ هێرشی ئاسمانیی جیاوازدا لە ناوچە جیاجیاکانی شاری غەززە لە باکووری کەرتەکە کوژراون، هەروەها 12 کەسی دیکەش لە هێرشەکان بۆ سەر ناوچەی خان یونس لە باشوور کوژراون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە راپۆرتەکان دەکات.
لە راگەیێندراوێکی رۆژی دووشەممەدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، هێزەکانیان "بینا و ژێرخانی تیرۆریستی"یان لە ناوچەکانی شوجاعییە و زەیتوونی شاری غەززە خاپوور کردووە، کە لەلایەن حەماس و چەکدارانی جیهادی ئیسلامییەوە بەکارهێنراون.
کەتیبەکانی قودس، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، کە شانبەشانی حەماس لە غەززە شەڕ دەکات، رۆژی دووشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چەکدارەکانیان مووشەکیان بۆ ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیل لە نزیک شوجاعییە هاوێشتووە.
زۆرینەی دانیشتووانی غەززە کە ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە، لانیکەم یەکجار لە ماوەی شەڕەکەدا ئاوارە بوون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی مرۆیی کارەساتبار لە کەرتەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ