رووداو دیجیتاڵ
گەرمای ئەم رۆژانە لە عەممان 46 پلەی سیلیزی پیشان دەدات، ئوردنییەکان بەو گەرمایە رانەهاتوون و شەقامەکانی عەممانی پایتەختی ئەو وڵاتە نزیکن لەوەی چۆڵ بن.
ئەو بەشە کەمەی خەڵک کە دەچنە دەرەوە، بە خواردن و خواردنەوەی ساردەمەنییەکان و تەڕکردنی جلەکانیان، لە گەرماکە خۆیان دەپارێزن.
نەسیم حەرب، فرۆشیارە و دەڵێت، "بە ژیانم گەرمای وام نەبینیوە. دەبینی، شار چۆڵە، هیچ جووڵەیەک لە کاردا نییە. دونیا زۆر گەرمە و خەڵک نایەتە بازاڕ. زۆر زۆر گەرمە."
تەنیا عەممان نییە ئەم بەرزییە گەرمەی تێدا تۆمارکراوە، پلەی گەرمای ئەمڕۆ دووشەممەی ریاز و کوێت 45 پلەی سیلیزی و دوبەی 44 پلە دەبێت؛ پلەی گەرمای بەغداش 49 پلەی سیلیزی دەبێت.
محەممەد شاکر، بەڕێوەبەری ArabiaWeather دەڵێت، "ئەم شەپۆلی گەرمایە تایبەتە، ئەوەش بەهۆی تووندییەکەی و ئەو کاتەی دەیخایێنێت. کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر شارە سەرەکییەکان دەبێت، چونکە چەقی شەپۆلەکە لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە بەرەو پایتەخت و شارە سەرەکییەکان چووە."
توێژینەوەیەکی نوێ پێشانی دەدات، پلەی گەرما لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوو هێندە خێراتر لە شوێنەکانی دیکەی جیهان بەرز دەبێتەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری لانسێت پلانێتری هێڵس بڵاوبووەتەوە، پێش ساڵی 2100 ساڵانە نزیکەی 120 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا گیان لەدەستدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ