وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سعودیە دەکات

14-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، پاشای سعودیە  بە فەرمی بانگهێشتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری وڵاتەکەی کردووە [بۆ ئەوەی سەردانی ریاز بکات،] بەڵام هێشتا کاتێک بۆ سەردانەکە دیاری نەکراوە. دەشڵێت، بڕیارە لە '' ئایندەیەکی نزیکدا'' وەزیری دەرەوەی ئێرانیش سەردانی سعودیە بکات.
 
رۆژی دووشەممە، 14ـی ئابی 2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تاران رایگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵا هیان، وەزیری دەرەوە "لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی سعودیە دەکات و تاوتوێی چەند بابەتێکی گرنگ دەکەن." هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیەوە گوتی، ''پەیوەندییەکانمان وردە وردە باشتر دەبن''.
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە میدیای ئێران، چاوەڕواندەکرێت سەردانەکە رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئاب بکرێت. 
 
پێشتر، رۆژی 17-6-2023 شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە کاتێک سەردانی تارانی کرد، بانگهێشتنامەی فەرمیی شا سەلمانی سعودیەی رادەستی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کرد بۆ ئەوەی سەردانی شانشینە عەرەبییەکە بکات. 
 
لەبارەی بانگهێشتنامەکە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، ''پاشای سعودیە بەشێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی سەرۆککۆماری کردووە، بەڵام تا ئێستا کاتێک بۆ سەردانەکە دیاری نەکراوە''.
 
ناسر کەنعانی لەبارەی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی سعودیە لە مەشهەد و کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران گوتی، ''لە رۆژی شەممەی رابردووەوە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە مەشهەد دەستی بە کار کردن کردووە، بەرپرسیارێتیی کردنەوەی فەرمیی باڵیۆزخانە پەیوەندی بە لایەنی سعودیەوە هەیە''.
 
رۆژی 17ـی حوزەیرانی 2023، دوای حەوت ساڵ لە پچڕانی پەیوەندیی نێوانیان و ئاشتبوونەوەیان لە ئاداری ئەمساڵ، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە سەردانێک گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.  شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند، "لەگەڵ ئێران چاومان لە برایەتی و دراوسێتیی باشە."
 
نێوانی دوو وڵاتەکە لە ساڵی 2016 تێکچوو کاتێک کە سعودیە پیاوی ئایینی شیعە مەزهەب شێخ نەمر ئەلنەمری لەسێدارەدا و خەڵک لە تاران و مەشهەد دژی سعودیە خۆپیشاندانیان کرد و هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی لە ئێران. 
 
مانگی ئادار، تاران و ریاز رێککەوتن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و باڵیۆزخانەکانیشیان لە وڵاتەکانی یەکدیدا بکەنەوە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە