کۆچکردنی گەنجانی غەززە بۆ ئەوروپا و کەنەدا زیادی کردووە

14-09-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی ئەو گەنجانەی کۆچیان کردووە یان دەیانەوێت لە کەرتی غەززەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا کۆچ بکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
 
حیجاز لۆح-ی تەمەن 32 ساڵ، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە، خۆی ئامادە کردووە تاوەکو لە چەند رۆژ داهاتوودا کۆچ بکات، پاساوەکەشی نەبوونی دەرفەتی کارە لە کەرتی غەززە.
 
حیجاز لۆح، هاووڵاتیی غەززە دەڵێت، "گوزەرانمان لە غەززە باش نییە، بۆیە کۆچ دەکەم، لەگەڵ ئەوەی هاوژین و سێ منداڵم هەیە، بەڵام بڕیارم داوە ئەم وڵاتە بەجێبهێڵم، هیچ کەسێک نییە بیرمان لێ بکاتەوە، یان گرنگیمان پێنادات وەکو گەنجان کە خوێندنمان تەواو کردووە. لێرە هەموو بەرپرسان تەنیا بیر لە خۆیان و منداڵ و حیزب و ئەندامانی حیزبەکەیان دەکەنەوە."
 
مەنسوور هاووڵاتییەکی دیکەی غەززەیە، گلەیی لە سەختیی گوزەرانی نێو شارەکە هەیە و بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێت تاوەکو کۆچ بکات و لەو دۆخە دژوارە رابکات کە زۆربەی دانیشتووانی کەرتی غەززە تێیکەوتوون.
 
مەنسوور ئەبو حەتەب دەڵێت، "ئێستا بەدوای دۆزینەوەی رێگەیەکم بۆئەوەی کۆچ بکەم و غەززە جێبهێڵم، وەکو پیشەوەرێک لێرە دەرفەتی کار، یان ئاییندەم نییە. بەردەوام لەگەڵ هاوڕێکانم کە لە دەرەوەن لە پەیوەندیدام، ئەوان پێم دەڵێن تۆ وەکو خاوەن پیشەی کارەباچی، ئەگەر کۆچ بکەیت وەکو پاشا دەژیت."
 
نووسەر و سیاسییەکانی فەڵەستین، ئیسرائیل و لایەنە ناکۆکەکانی فەڵەستین بە بەرپرس دەزانن لە زیادبوونی دیاردەی کۆچیکردن لە غەززە. بەپێی ئاماری دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لە دوو دەیەی رابردوودا 200 هەزار فەڵەستینی کۆچیان کردووە.
 
مەحمود مەسلەمانی، نووسەر و چالاکوانی سیاسی دەڵێت، "بەرپرسی سەرەکیی ئەم کۆچە بزووتنەوەی حەماسە کە دەسەڵاتداری غەززەیە، راستەوخۆ بەرپرسە لەوەی رووبەڕووی گەنجان دەبێتەوە و ئەوەشی روو دەدات، بۆیە داوا لە هەموو بەرپرسان دەکەین گرنگی بەم بابەتە بدەن و خەمی گەنجان بخۆن و چارەسەرێک بۆ دۆخی ئابووری بدۆزنەوە."
 
عەبدولقادر ئیدریس، سەرکردە لە پارتی گەلی فەڵەستینی دەڵێت، "گەمارۆی ئیسرائیل و دەسەڵاتی دیفاکتۆ (حەماس) کە ئەنجامی دابەشبوونی نێو ماڵی فەڵەستینییە، بەرپرسیارێتیی گەورەی دەکەوێتە ئەستۆ، بەو پێیەی دەسەڵاتداری کەرتی غەززەیە، گەنجانی ئێرە بەهۆی کەمیی دەرفەتی کار و نەبوونی ئاییندەیان، کۆچ دەکەن."
 
بەپێی داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری فەڵەستینی، ژمارەی دانیشتووانی کەرتی غەززە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسە، یەک لەسەر سێیان هەژارن، 230 هەزاریان بێکارن. لە ساڵی 2007ـەوە ئیسرائیل-یش گەمارۆی تووندی وشکانی، دەریایی و ئاسمانیی بەسەردا سەپاندوون.
 
بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی ئەو کەسانە زیاد دەبن کە کۆچیان کردووە، یان دەیانەوێت لە کەرتی غەززە کۆچ بکەن، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی خراپیی دۆخی ئابوورییەوەیە؛ زۆربەی گەنجان پێیانوایە لە رێگەی کۆچەوە دەتوانن ئاییندەیەکی باشتر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە