کەسوکاری بارمتەکانی ئیسرائیل تۆمەتەکانی نەتەنیاهوو دژی حەماس رەتدەکەنەوە

14-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەسوکاری بارمتەکانی ئیسرائیل تۆمەتەکانی سەرۆکوەزیرانەکەیان لە دژی بزووتنەوەی حەماس رەتدەکەنەوە.
 
سەرەکیترین گرووپی ئیسرائیلی کە کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە دەکات، رۆژی شەممە رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رێگری سەرەکییە لەبەردەم ئازادکردنی بارمتەکاندا. ئەمەش ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی نەتەنیاهوو سەرکردەکانی حەماسی بە درێژکردنەوەی شەڕ تۆمەتبار کرد.
 
کۆمەڵەی کەسوکاری بارمتە و بێسەروشوێنەکان لە راگەیێندراوێکدا، ئاماژەی بە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەی ئەندامانی حەماس لە قەتەر کرد و رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکەی قەتەر بەبێ هیچ گومانێک سەلماندی کە تەنیا یەک رێگر لەبەردەم گەڕاندنەوەی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ هەیە، کە ئەویش سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوویە". دەشڵێت، "هەر جارێک رێککەوتنێک نزیک دەبێتەوە، نەتەنیاهوو تێکی دەدات."
 
پێشتر لە ئێوارەی هەمان رۆژدا، نەتەنیاهوو رایگەیاندبوو لەنێوبردنی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر کۆتایی بە شەڕ دەهێنێت و بزووتنەوەکەی بەوە تۆمەتبار کرد، هەوڵەکانی رابردووی بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەست لەباربردووە.
 
نەتەنیاهوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی، "سەرکردە تیرۆریستەکانی حەماس کە لە قەتەر دەژین، گرنگی بە خەڵکی غەززە نادەن. ئەوان هەموو هەوڵێکی ئاگربەستیان رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی شەڕەکە بێ کۆتایی درێژ بکەنەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نووسیبووشی، "رزگاربوون لێیان، رزگاربوون دەبێت لە رێگری سەرەکیی بەردەم ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان و کۆتاییهێنان بە شەڕ."
 
بەڵام کۆمەڵەکە تۆمەتەکەی وەک نوێترین "بیانوو"ی نەتەنیاهوو بۆ شکستەکەی لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان ناوبرد. 
 
کۆمەڵەکە رایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو بیانووانە بهێنرێت کە بۆ کاتکوشتن داڕێژراون تاوەکو نەتەنیاهوو بتوانێت دەست بە دەسەڵاتەوە بگرێت."
 
دەشڵێن: "ئەم کاتکوشتنە هەڕەشە لە ژیانی ئەو بارمتانەی دیکە دەکات کە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دیلێتیی سەختدا، لە ژیان ماونەتەوە، هەروەها هەڕەشەیە بۆ سەر وەرگرتنەوەی تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە."
 
چەکدارانی فەلەستینی بە سەرکردایەتیی حەماس لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023دا 251 کەسیان بە بارمتە گرتن. 47 لە بارمتەکان هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن، کە بە گوتەی سوپا 25یان گیانیان لەدەستداوە.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، هەزاران ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤ خۆپێشاندانیان کرد و داوایان لە حکومەت کرد کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و رێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.