وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ سەرکۆنەکردنی ئیسرائیل لە دەوحە کۆدەبنەوە

14-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رۆژی شەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی رۆژی دووشەممە میوانداریی لووتکەیەکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات.
 
ئامانج لە کۆبوونەوەی سەرکردەی ئەو وڵاتانە سەرکۆنەکردن و رەتکردنەوەی ئەو هێرشەی ئیسرائیلە کە هەفتەی رابردوو کردیە سەر قەتەر.
 
ماجد محەممەد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، وەک ئامادەکارییەک، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی رەشنووسی راگەیێندراوێک ئامادە دەکەن بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر.
 
دواتر رۆژی دووشەممە، سەرکردەی ئەو وڵاتانە لە لووتکەیەکی بەپەلەدا بڕیار لەسەر ئەو رەشنووسە دەدەن.
 
ئەنساری بە ئاژانسی هەواڵی قەتەری راگەیاند، لووتکەکە "رەنگدانەوەی پشتیوانیی بەرفراوانی عەرەبی و ئیسلامییە بۆ دەوڵەتی قەتەر لە رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییە ترسنۆکانەکەی ئیسرائیل کە شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج، هەروەها رەتکردنەوەی تەواوەتیی ئەو وڵاتانەیە بۆ تیرۆری دەوڵەت کە ئیسرائیل پەیڕەوی دەکات."
 
بەغدا رایگەیاند، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقلە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبێت. ئێرانیش پشتڕاستی کردەوە کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەش ئامادە دەبێت. هەروەها سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە رۆژی دووشەممە سەردانی دەوحە دەکات، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
 
هێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی سێشەممەی ئیسرائیل کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسیان لە پایتەختی قەتەر کردە ئامانج، بووە هۆی کوژرانی پێنج ئەندامی بزووتنەوەکە و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی قەتەر.
 
هێرشەکە رووبەڕووی سەرکۆنەکردنێکی نێودەوڵەتیی بەرفراوان بووەوە، بە تایبەتی لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە کە هاوپەیمانی ئەمریکان. 
 
قەتەر میوانداریی گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات و شانبەشانی ئەمریکا و میسر، نێوەندگیری لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات.
 
ئەندریاس کریگ، لە کینگز کۆلێژی لەندەن رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل "لە سەرانسەری کەنداودا وەک پێشێلکارییەکی بێوێنەی سەروەری و هێرشێک بۆ سەر خودی دیپلۆماسی سەیر دەکرێت. بە میوانداریکردنی ئەم لووتکەیە، دەوحە ئاماژە بەوە دەکات کە ناتوانرێت دەستدرێژییەکی لەو شێوەیە وەک بابەتێکی ئاسایی تێپەڕێت".
 
کریگ گوتیشی: "ئامانج لە لووتکەکە کێشانی هێڵی سووری روون و کۆتاییهێنانە بەو تێڕوانینەی کە ئیسرائیل دەتوانێت بێ سزا بجووڵێتەوە"، کریگ پێشبینی دەکات لووتکەکە "هەڵوێستێکی تووندتر بۆ فەلەستین و هەڵوێستێکی تووندتریش بەرامبەر کردەوەکانی ئیسرائیل" بنوێنێت.
 
رۆژی هەینی، ئیمارات کە یەکێکە لەو دوو وڵاتەی کەنداو کە لە ساڵی 2020 پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، رایگەیاند کە جێگری باڵیۆزی ئیسرائیلی لە ئەبوزەبی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی بە فەرمی ناڕەزایەتیی پێ بگەیێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.