رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داوا لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات رۆڵێکی کارا بگێڕێت بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا.
ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ داوای هاوکاری لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵەی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکان بەڕێوەدەچێت.
مۆنیتەر باس لەوە دەکات، هەفتەی رابردوو نامەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیێندراوەتە دەستی نێچیرڤان بارزانی و تێیدا باس لەوە کراوە، ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەڕێوەدەچن "کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. ئامانجی من لەم پرۆسەیەدا بریتییە لە بەدەستهێنانی چارەسەرێکی هەمیشەیی بە پشتبەستن بە بنەما دیموکراسییەکان."
لە نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا بۆ نێچیرڤان بارزانی هاتووە، "زۆر گرنگە کە تۆش سەرکردایەتیی ئەم پرۆسەیە لەئەستۆ بگری."
پرسی "چوارچێوەی یاسایی" لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغاندا
داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کاتێکدایە، نادڵنیاییەک لەبارەی داهاتووی گفتوگۆکان و پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتی هەیە.
ناردنی نامەکە بۆ نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە، پێنجشەممەی رابردوو 9-10-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی بە مۆنیتەری راگەیاندووە: "لەو کۆبوونەوەیەدا کە کاژێرێکی خایاند، نێچیرڤان بارزانی داوای لە سەرۆککۆماری تورکیای کرد کاریگەری خۆی بەکاربێنێت بە مەبەستی خێراکردن لە هەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی" کە رێگە بە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بدات لە چیاکانی هەرێمی کوردستانەوە بگەڕێنەوە تورکیا.
ماڵپەڕی مۆنیتەر باس لەوە دەکات، نێچیرڤان بارزانی زیاتر لە دەیەیەکە پەیوەندییەکی یەکجار بەهێزی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە و وەک کەسایەتییەکی کاریگەر لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە کورد رۆڵ دەگێڕێ و تەنانەت هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش لە لایەن تورکیاوە لەسەر داواکاری نێچیرڤان بارزانی بوو.
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و پارێزگاری شرنەخ
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە پێشهاتێکی دیکەدا رۆژی دووشەممە 13-10-2025 نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر لەگەڵ بیرۆل ئەکیجی، پارێزگاری شرنەخی باکووری کوردستان کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و چۆنییەتی برەودان بە چالاکی ئابووری زانکۆیی و کولتووریی نێوانیان خرایە بەرباس.
وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەردوولا داکۆکییان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاریی هاوبەش و فراوانکردنی بوارەکانی بازرگانی و هاتووچۆ و گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا کرد. لەمبارەیەوە باس لە ئاستی پەیوەندییەکانی شرنەخ لەگەڵ هەولێر و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرا."

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بووە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "کاریگەری پرۆسەی چارەسەری لەسەر بەرەو پێشچوونی ناوچەکە، فڕۆکەخانەی شرنەخ کە بەهۆی نزیکییەوە لە سنوور، خزمەت بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەکات، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو."
شرنەخ لەگەڵ هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان هاوسنوورە. ئیلهام عشق، لێکۆڵینڤانێکی کوردە کە لە یەکەمین پرۆسەی چارەسەری لە ساڵی 2013دا راوێژی داوەتە حکومەتی تورکیا، بە مۆنیتەری راگەیاندووە، شرنەخ پارێزگایەکە کە دەکرێت لە رێگەیەوە ئەو گەریلایانەی لێخۆشبوونیان بۆ دەردەکرێ، بگەڕێنەوە باکووری کوردستان و تورکیا.
"سیستمی بەڕێوەبردنی سووریا" لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغاندا
پرسی رۆژئاوای کوردستان و چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەکێکە لەو بابەتانەی جێگەی بایەخی تورکیایە. بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە چەند مانگی رابردوودا چەندینجار داوای جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی مانگی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یان کردووە.
رۆژی 7ی ئەم مانگە مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە. رۆژی دووشەممە 13-10-2025 مەزڵووم عەبدی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس کرد و گوتی، "تێگەیشتنێکی سەرەتایی لەبارەی میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و نێوخۆی سووریا هەیە."
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەچنە نێو وەزارەتی بەرگرییەوە و باسی لە رۆڵی کاریگەری تورکیاش کرد بۆ ئەوەی ئەم هەوڵە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و گوتی، "سەرکەوتنی ئەم گفتوگۆیانە پشت بە رۆڵی تورکیا دەبەستێت. هەربۆیە، ئومێدەوارین رۆڵێکی پاڵپشتیکار و ئەرێنی لە پرۆسەی دانوستاندنەکان بگێڕێت."
لەبارەی سیستمی بەڕێوەبردن لە سووریای نوێدا، مەزڵووم عەبدی گوتی، "داوای سیستمێکی بەڕێوەبردنی ناناوەندی لە سووریا دەکەین کە تاوەکو ئێستا پەسندنەکراوە و لەو بارەیەوەش نەگەیشتووینەتە رێککەوتن."
رۆژی 08-10-2025 لە دیداری مێری لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش قسەی کرد.
لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هەبوونی سیستمێکی ناناوەندی پێویستییە بۆ سووریا و رایگەیاند، "ئێمە پێمان وانییە بکرێت سووریا بە شێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوەببرێت. ئەمە خاڵی ناکۆکە، تەنانەت خۆم لە کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع باسم کردووە و پێم گوتووه."
نێچیرڤان بارزانی باسی لە فرەپێکهاتەیی کۆمەڵگەی سووریا کرد و گوتی، "تۆ بڵێی من ئەو سووریایە بە مەرکەزییەت بەڕێوەدەبەم، بەشار ئەسەد چوو، یەکێکی دیکە هاتە شوێنی و مەرکەزییەتەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە! ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتگیریی ئەم بۆچوونە ناکەین. ئێمە ئەمەشمان بە سەرۆک شەرع گوتووە. رێی تێناچێت سووریا بە ئاراستەی مەرکەزییەتێکی بەهێز بەڕێوەبچێت."
بەرپرسە باڵای هەرێمی کوردستان بە مۆنیتەری گوتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 5 شەممەی رابردوودا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا هەمان ئەو بۆچوونانەی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا خستەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ