رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەستەی کاروباری دیل و ئازادکراوان لە خەلیلی فەلەستین رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی زیندانییە ئازادکراوەکان ناجێگیرە، "1700 کەسی خەڵکی کەرتی غەززە ئازاد کراون، کە دۆخی تەندروستییان خراپە." ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە ئازادکراوەکان ئەیمەن کوردییە، کە بنەماڵەکەی بە رەچەڵەک خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
ئیبراهیم نەجاجیرە، بەڕێوەبەری دەستەی کاروباری دیل و ئازادکراوان لە خەلیلی فەلەستین، رۆژی سێشەممە 14-10-2025 لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و رایگەیاند، 88 زیندانی خەڵکی کەرتی رۆژئاوا ئازادکراون و زیاتر لە 150 دیلیش بۆ میسر گوێزراونەتەوە کە بەشێکیان لەو وڵاتە دەمێننەوە و ئەوانی دیکە لەو وڵاتانە نیشتەجێ دەبن کە ئامادەن وەریانبگرین.
نەجاجیرە گوتی، دۆخی ئازادکراوەکان، بەتایبەتی ئەوانەی خەڵکی غەززە کە ژمارەیان 1700 کەسە، جێگەی نیگەرانییە و تەندروستییان ناجێگیرە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە فەلەستینییە، "ئەو کەسانە تووشی ئازاری جەستەیی و دەروونی بوون، برسیکراون و نەخۆشی لەنێویاندا بڵاوبووەتەوە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، رێگە بەو کەسانە نادرێ هەڤپەیڤین لەگەڵ میدیاکان بکەن و باسی ئەو "تاوانانە" بکەن ئیسرائیل بەرامبەریان کردوویانن.
ئیبراهیم نەجاجیرە گوتی، هاووڵاتییە ئازادکراوەکان پشکنینی پزیشکییان بۆ کراوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان؛ گوتیشی، بەشێکیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون، وەک ئەیمەن کوردی.
ئەو بەرپرسە رایگەیاند، زۆربەی ئازادکراوەکان بەدەست نەخۆشییەکانی پێستەوە دەناڵێنن کە بەهۆی نەبوونی پاکوخاوێنی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوێزراوەکانەوە تووشی بوون؛ هاوکات، دەرمانی پێویستیان پێنەدراوە، ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەریان داناوە.
نەجاجیرە گوتی، "زۆرێک لە ئازادکراوەکان بەدەست هەوکردنەوە دەناڵێنن؛ بەشێکیان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەک شەکرە، بەرزیی پەستانی خوێن و نەخۆشیی دڵ. هەندێکیان ناتوانن بجووڵێن؛" ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە زیندانییەکان بەهۆی وەرنەگرتنی چارەسەر لەنێو زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری کاروباری دیل و ئازادکراوان لە خەلیل گوتی، بنەماڵەکانی کورد لە بنەماڵە رەسەنەکانی فەلەستینن و بە رەچەڵەک خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
نەجاجیرە رایگەیاند، بەشێک لەو بنەماڵانە لە شارەکانی خەلیل، قودس (ئورشەلیم) و نابلس دەژین و هەندێکی دیکەیان لە ئوردن نیشتەجێن؛ گوتیشی: "ئەوانە بنەماڵەی تێکۆشەرن و زۆر کەسیان دەستگیرکراون."
ئیبراهیم نەجاجیرە لەبارەی فەلەستینییەکان کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان گوتی، 9200 دیل لەو زیندانانەدان، لەو ژمارەیە 400ـیان منداڵن و 52ـیان ژنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ