عێراق و ئێران بۆ چارەسەری مامەڵەی دۆلار لەنێوانیان چەند پێشنیازێک تاوتوێ دەکەن

15-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عێراق و ئێران تاوتوێى چەند پێشنیازێک دەکەن بۆ چارەسەرى مامەڵەى دۆلارى نێوانیان کە لەلایەن ئەمریکاوە کۆت و بەندى خراوەتە سەر، لەوانە وەبەرهێنانى ئێران لە عێراق بە دینارى عێراقی و کردنەوەى هەژمارى فرۆشتنى تمەن لە بانکى ناوەندى.  

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە چەند سەرچاوەیەکى بەرپرسی بەغداوە دەستى کەوتووە، هەردوو لایەنى عێراق و کۆمارى ئیسلامیى ئێران تاوتوێى چەند پێشنیازێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانى بەردەم بازرگانیى نێوانیان بە دۆلار.
 
قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى ساڵانەى نێوان عێراق و ئێران دەگاتە نزیکەى 12 ملیار دۆلار؛ عێراق بە بەهاى 500 ملیۆن دۆلار هەناردەى بۆ ئێران هەیە و ئەو بڕە پارەیەى دیکەى  قەبارەى هەناردەى ئێرانە بۆ عێراق.
 
بەهۆى سزاکانى ئەمریکاوە لەسەر ئێران، عێراق ناتوانێت راستەوخۆ دۆلار بداتە ئەو وڵاتە لە برى گرێبەستەکانى نێوانیان بۆ ئاڵوگۆڕى بازرگانى و کڕینى گاز. 
 
یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە کە مامەڵەى ئاڵۆگۆڕى بازرگانیى نێوانیان بکرێتە دینارى عێراقى و کۆمارى ئیسلامیى ئێران ئەو بڕە پارەیە لە وەبەرهێنانى ناوخۆى عێراق خەرج بکاتەوە لە رێگەى پڕۆژەکانى وەبەرهێنانەوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژی چوارشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دینارى عێراقى بۆ نێوخۆى ئێران بەهایەکى ئەوتۆى نییە، چونکە بەشێک نییە لە دراوى قورس، بۆیە دەبێت لە ناوخۆى عێراق مامەڵەى پێ بکاتەوە".
 
جەمال کۆچەر دەڵێت، "لەبەر ئەوەى رێگرى لە چوونى دۆلار دەکرێت بۆ ئێران، دەبێت ئاڵوگۆڕى نێوانیان بکرێت بە شمەک بەرامبەر بە شمەک، نەک بە نەختینەیی بێت".
 
یەکێک لەو پێشنیازانەى دیکە کە باسکراوە لە نێوان تاران و بەغدا، کردنەوەى هەژمارى بانکیى مامەڵەى بازرگانییە بە تمەنەوە لە بانکى ناوەندى بە هاوشێوەى دۆلار و رووپییەى هیندستانى و درهەمى ئیماراتى و یوانى چینى بۆ ئەوەى بازرگانان تمەن لەو بانکە بکڕنەوە بە مامەڵەى هاوردەکردنی شتومەکەکانیان لە ئێران.
 
ئەو پێشنیازە لەکاتێکدایە کە بانکى ناوەندیى عێراق هەژمارى بانکیى تایبەت بە فرۆشتنى ریاڵى ئیماراتى، یوان، رووپییەى هیندى کردووە تاوەکو لەگەڵ دۆلاردا هاووڵاتییان و بازرگانان بتوانن لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى بیکڕنەوە بە مەبەستى گەشت و مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە