ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی داوای بڕیارێکی نێودەوڵەتی بۆ ناردنی هێز بۆ غەززە دەکەن

14-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و زۆرینە موسڵمان، لەنێویاندا میسر، سعودیە و تورکیا داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن پەلە لە پەسندکردنی ئەو پڕۆژەبڕیارە ئەمریکییەدا بکات کە پشتگیری لە پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە دەکات و رێگە بۆ ناردنی هێزێکی نێودەوڵەتی خۆشدەکات.
 
واشنتن دەستی بە هەوڵێکی دیپلۆماسیی چڕ کردووە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ناردنی هێزەکە، کە ئیدارەی ئەمریکا بە بەشێکی سەرەکی لە پلانی فراوانتری دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتیی ناوچەکە دەیزانێت.
 
دوای راوێژ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت (G7) لە کەنەدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گەشبینیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، رەنگە پڕۆژەبڕیارەکە لە چەند رۆژێکدا ئامادە بکرێ و رێگە بۆ ناردنی هێزەکان لە سەرەتای ساڵی 2026 خۆش بکات.
 
تیمی نێردەی ئەمریکاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئاگربەستەکە ناسکە و داوا لە ئەنجوومەن دەکەین یەکبگرێ و هەنگاو بنێت بۆ دابینکردنی ئەو ئاشتییەی کە پێویستییەکی زۆرمان پێیەتی."
 
تیمە دیپلۆماسییەکە ئێستا بە "ساتێکی مێژوویی بۆ کردنەوەی رێگەیەک بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" دەزانێت.
 
بەڵام هەوڵەکانی واشنتن رووبەڕووی دژایەتیی تووندی رووسیا، چین و چەند وڵاتێکی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی بوونەتەوە، کە ناڕازین لە دامەزراندنی "دەستەی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی ترەمپ و دیارینەکردنی رۆڵی دەسەڵاتی فەلەستین. مۆسکۆ پێشوەختە پڕۆژەبڕیارێکی رکابەری خستووەتەڕوو، لەکاتێکدا پەکین و رەخنەگرانی دیکە داوای گۆڕانکاریی ریشەیی لە رەشنووسە ئەمریکییەکەدا دەکەن.
 
وێڕای ناکۆکییەکان، روبیۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە جموجووڵە دیپلۆماسییەکە بەردەوامە و گوتی، "پێشکەوتنی باشمان لە داڕشتنی رەشنووسی بڕیارەکەدا بەدەستهێناوە و نامانەوێ ئەم هەل و مەرجە لەدەستبدەین."
 
ئەرکی هێزەکە: ئاسایش، چاودێری و چەکداماڵین
 
پڕۆژەبڕیارە نوێیەکە ئەرکێکی گشتگیر بۆ هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی (ISF) دیاری دەکات، کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی سەربازیی حەماس، رێگریکردن لە پڕچەککردنەوەی گرووپە چەکدارەکان و دڵنیابوون لە سەقامگیریی درێژخایەن لە غەززە.
 
روبیۆ جەختی کردەوە کە ئەرکی هێزەکە شەڕکردن نییە و گوتی، "پێویست ناکات هێزێکی شەڕکەر بێت، چونکە حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە پێشوەختە بەپێی رێککەوتنی ئاشتیی غەززە بەڵێنی چەکدانانیان داوە." گوتیشی، "ئەرکی هێزی سەقامگیری، دابینکردنی ئاسایشی بنەڕەتیی رۆژانەیە."
 
ئاسایش لە هێڵی زەرد و بەڕێوەبردنی غەززە
 
روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە جێگیرکردنی هێزەکە سەرنجی لەسەر سەقامگیرکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای هێڵی زەرد دەبێت، کە مەبەست لێی ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی ئیسرائیلن.
 
وەزیرەکەی ئەمریکا گوتی، "ئەگەر دەتانەوێ پێشکەوتنی راستەقینە ببینن، هاوکاریی زیاتر، ئاوەدانکردنەوەی زیاتر، ئاساییبوونەوەی زیاتر، پێویستتان بە ئاسایشە و ئەمەش ناتوانرێ لەلایەن حەماسەوە دابین بکرێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە، "ئیسرائیلییەکان نایانەوێ فەرمانڕەوایی غەززە بکەن. ئێمە نامانەوێ فەرمانڕەوایی غەززە بکەین. هیچ وڵاتێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نایەوێ فەرمانڕەوایی غەززە بکات. بەڵام تاوەکو حکومەتێکی خۆجێیی ئامادە دەبێت، دەبێت کەسێک سەقامگیری دابین بکات."
 
لە کۆبوونەوەی گرووپی حەوتدا، یۆهان ڤادەفوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هاوشانی واشنتن داوای دەرکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد و گوتی، "پێویستمان بە بڕیارێکە بۆ ئەوەی حەماس چەک بکرێ و هێزێکی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆ بگرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.