یونیسێف: ٪25ـی منداڵانی لوبنان بەهۆی هەژارییەوە ناچنە قوتابخانە

14-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە ٪25ـی منداڵانی لوبنانی و ٪50ـی منداڵانی پەنابەرانی سووریایی لەو وڵاتە، لەبەر هەژاری و گرانیی کەلوپەلی قوتابخانەوە ناخوێنن، بەڵکو کار دەکەن. هەروەها، بەهۆی شەڕەوە چەندین قوتابخانە لە باشووری وڵاتەکە داخراون و کاریگەرییان لەسەر شەش هەزار قوتابی هەبووە. ٪34ـی منداڵانی لوبنانیش پێیانوایە کە ساڵی داهاتوو ژیانیان خراپتر دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەسەر کاریگەریی قەیرانەکانی چوار ساڵەی لوبنان لەسەر منداڵانی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
 
لە راپۆرتەکە هاتووە، "زیاتر لە چارەکێکی خێزانەکانی لوبنان رایانگەیاندووە منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانە، لە کاتێکدا مانگی 4 ئەو رێژەیە تەنیا ٪18 بوو."
 
لەبارەی پەنابەرانی سووریایی لە لوبنان، یونیسێف دەڵێت، "لەنێو پەنابەرانی سووریایی رێژەکە ٪50یە."
 
یونیسێف هۆکاری ئەو رێژە بەرزەی نەناردنی منداڵان بۆ قوتابخانە بۆ "گرانیی کەلوپەلەکانی قوتابخانە" گەڕاندووەتەوە.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ٪16ـی خێزانەکانی لوبنان و سێیەکی خێزانی پەنابەرانی سووریایی، کار بە منداڵەکانیان دەکەن. هەروەها ٪80ـی خێزانەکان پارەیان قەرزکردووە بۆ کڕینی کەرەستە و خواردنی رۆژانە.
 
ئاژانسەکەی تایبەت بە منداڵان دەڵێت، "قەیرانە بەردەوام و ئاڵۆزەکان خەریکە زیانێکی وێرانکەری بەردەوام لەسەر منداڵان لە سەرانسەری وڵاتدا دەسەپێنێت، تادێت خوێندنیان لێ زەوت دەکات و زۆربەیان ناچار دەکات کاربکەن." 
 
یونیسێف لە درێژەی راپۆرتەکەدا دەڵێت، "دایک و باوکە بێهیواکان کە لەگەڵ سەرچاوە کەمبووەکاندا دەجەنگن، ناچارن لە ململانێدا بمێننەوە بۆ ئەوەی خێزانەکانیان لەنێو ئاستەنگە بێوچانەکاندا بژیین."
 
جگە لە قەیرانی ئابووری و هەڵاوسانی بەردەوام، یونیسێف شەڕی ئیسرائیل و حەماسیش، نیگەرانی کردووە. لە 7-10-2023ـەوە لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل. حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان چەند جارێک هێرشێکیان کردووەتە سەر یەکدی.
 
لەوبارەوە راپۆرتەکە دەڵێت، "بەهۆی شەڕەوە چەندین قوتابخانە لە باشووری وڵاتەکە داخراون و کاریگەرییان لەسەر شەش هەزار قوتابی هەبووە. لەو قوتابخانانەی کە خوێندن تێیدا بەردەوامە، ئامەدەگیی قوتابییان زۆر کەمە."
 
جگە لە دابڕان لە خوێندن و کاری بەردەوام، یونیسێف ئاشکرای کردووە ٪36ـی خێزانەکان رایانگەیاندووە منداڵەکانیان بەردەوام نیگەرانن. لە باشووری لوبنانیش رێژەکە بۆ ٪46 بەرزبووەتەوە. ٪34ـی منداڵانی ئەو وڵاتە، یونیسێف دەڵێت، پێیانوایە کە ژیانیان لە ساڵی داهاتوو خراپتر دەبێت.
 
رێکخراوە مرۆییەکە لە کۆتایی راپۆرتەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی لوبنان دەکات کە هەنگاوی جدی و کاریگەر بنێن بۆ پاراستن، پاڵپشتی و دڵنیابوونەوە لە خزمەتگوزارییە سەرەتایی و گرنگەکانی منداڵان.
 
ئێدوارد بێیگبێدەر، نوێنەری یونیسێف لە لوبنان رایگەیاند، "ئەو قەیرانانە خەونی منداڵان تێکدەشکێنن و زانست، دڵخۆشی و داهاتوویان لێ دەستێننەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە