رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە و باس لە تیرۆرکردنی دەکەن وەک وەڵامێکی ئێران بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
پرسیار لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کراوە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا بە چڕی بڵاوبوونەتەوە و باس لە کوژرانی نەتەنیاهوو دەکەن. نووسینگەی نەتەنیاهوو لە وەڵامێکی کورتدا رایگەیاند: "ئەمانە هەواڵی ساختەن. سەرۆکوەزیران تەندروستیی باشە و هیچ کێشەیەکی نییە."
ئەم دەنگۆیانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە، کە گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتوونەتە لووتکە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 28ـی شوباتەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1,200 کەس، لەوانەش عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئەو وڵاتە.
لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەرێگەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییەوە خاکی ئیسرائیل، ئوردن، عێراق و وڵاتانی کەنداوی کردووەتە ئامانج و جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکییان لێدانی "بەرژەوەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا"یە لە ناوچەکەدا.
دوایین دەرکەوتنی نەتەنیاهوو لە ڤیدیۆیەک بوو، کە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە 13ـی ئادار لە ئێکس بڵاوکرایەوە. ڤیدیۆکە هەشت خولەکە، نەتەنیاهوو بە عیبری قسەدەکات و باسی جەنگی ئێران دەکات. لە ئێکس چەندین پۆست لەسەر ئەوە بڵاوکرانەوە، کە گوایە ئەو ڤیدیۆیە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە، هۆی ئەو تۆمەتەشیان ئەوەیە کە دەڵێن لە چەند چرکەیەکی جیاواز، دەستی نەتەنیاهوو وا دەردەکەوێ شەش پەنجەی هەیە و جووڵەکانی ئاسایی نین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ