بەحرێن: تائێستا 125 مووشەک و 203 درۆنی ئێرانمان تێکشکاندوون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەحرێن رایگەیاند، لەوەتەی لە 28ی شوباتی رابردووەوە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شانشینەکە دەستیپێکردووە، 125 مووشەک و 203 درۆنیان خستووەتە خوارەوە و تێکیان شکاندوون.

رۆژی 14ـی ئاداری 2026، هێزی بەرگریی بەحرێن، لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە سیستمی بەرگریی ئاسمانییان بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئێران، کە شانشینەکەیان دەکاتە ئامانج.
 
فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرێن، بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان و موڵک و ماڵی تایبەت بە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناساند. جەختی لەوە کردەوە "ئەم هێرشە هەڕەمەکییانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی." 
 
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی، لەنێویاندا بەحرێن، بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، هەفتەیەک لەمەوبەر لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنی دا رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ راگرتووە، مەگەر ئەوەی کە هێرشێک لە خاکی ئەو وڵاتانەوە بکرێتە سەر ئێران.
 
ئێران دەڵێت، وڵاتێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج، بەڵکو "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج، بەڵام هێرشەکانی زیانی بە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە، لەوانە فڕۆکەخانە، بەندەر و باڵەخانەی جۆراوجۆر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە