جەنگی ئێران؛ ڤیدیۆ ساختەکانی AI تۆڕی ئێکسیان تەنیوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی ئیسرائیل/ئەمریکا و ئێران، شەپۆلێکی بێوێنە لە ڤیدیۆ و وێنەی ساختەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی داپۆشیوە. ئەم ڤیدیۆیانە کە زۆر لە راستی دەچن، بوونەتە هۆی سەرلێشێواندنی بەکارهێنەران و تێکدانی راستییەکانی ناو جەنگ.
 
توێژەرانی بواری زانیاریی چەواشەکار دەڵێن، لە دەستپێکی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی ساختە (Deep Fake) گەیشتووەتە رادەیەک کە جیاکردنەوەیان لە راستی ئەستەمە. 
 
چەند نموونەیەک: سەربازانی ئەمریکی کە بە دیلی لەبەردەم ئاڵای ئێراندا چۆکیان داداوە. باڵەخانەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا کە ئاگریان تێبەربووە. وێرانبوونی تەواوەتیی شارەکانی ئیسرائیل. ڤیدیۆیەکی ساختەی تاوەری خەلیفە لە دوبەی کە بڵێسەی ئاگری لێ بەرز دەبێتەوە و زیاتر لە 2 ملیۆن بینەری هەبووە.
 
رێکارە نوێیەکانی ئێکس و ئیلۆن مەسک
 
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە، کۆمپانیای ئێکس هەفتەی رابردوو رایگەیاند، هەر بەرهەمهێنەرێکی ناوەڕۆک ڤیدیۆی دروستکراو بە AI بڵاوبکاتەوە و ئاماژەی پێ نەدات کە ساختەیە، بۆ ماوەی 90 رۆژ لە بەرنامەی وەرگرتنی پارە (Revenue Sharing) بێبەش دەکرێت. نیکیتا بیر، بەرپرسی بەرهەم لە ئێکس هۆشداری دا، دووبارەکردنەوەی ئەم کارە دەبێتە هۆی داخستنی هەمیشەیی هەژمارەکانیان.
 
سەرەڕای ئەم رێکارانە، پسپۆڕان دەڵێن ئێکس هێشتا وەک "حەشارگەی زانیاریی چەواشەکار" ماوەتەوە. جۆ بۆدنار، لە پەیمانگەی دیالۆگی ستراتیژی دەڵێت: "ئەو هەژمارانەی نیشانەی (شین)یان هەیە، زۆرترین ڤیدیۆی ساختەی جەنگ بڵاودەکەنەوە، چونکە لە رێگەی بینەرێکی زۆرەوە پارەی زیاتریان دەست دەکەوێت."
 
لە لایەکی دیکەوە، گرۆک کە چاتبۆتی ژیریی دەستکردی خودی تۆڕی ئێکسە، کێشەکەی گەورەتر کردووە. بەپێی راپۆرتەکان، چەندین جار بەکارهێنەران پرسیاریان لێکردووە ئایا فلان ڤیدیۆی جەنگ راستییە یان نا، گرۆکیش بە هەڵە وەڵامی داونەتەوە و گوتوویەتی ئەو ڤیدیۆ ساختانە "راستەقینەن".
 
راپۆرتێکی ناوەندی (Tech Transparency Project) ئاشکرای کردووە، تۆڕی ئێکس قازانج لە زیاتر لە 20 هەژماری (پریمیەم) واتا پشتڕاستکراوە بە نیشانەی خۆڵەمێشی یان زێڕین، وەردەگرێت کە سەر بە بەرپرسانی حکومەتی ئێران و میدیا فەرمییەکانی تارانن. ئەمە ئەگەری ئەوەی دروست کردووە کە ئێکس لە رێگەی ئەم مامەڵانەوە سزاکانی ئەمریکای دژی ئێران پێشێل کردبێت.
 
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن، لە ناو جەرگەی جەنگێکی وادا، زانیارییە چەواشەکارەکان دەبنە چەکێکی کوشندە و دەتوانن کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بڕیارە سیاسی و سەربازییەکان هەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی سەربازەکان

ناسنامەی ئەو 6 سەربازە ئەمریکییەی ئاشکرا کرا کە لە عێراق کوژران

پێنتاگۆن بە فەرمی ناسنامەی ئەو شەش سەربازەی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە ئەنجامی تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی لە رۆژئاوای عێراق گیانیان لەدەستدا.