رووداو دیجیتاڵ
شاری دوبەی بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات وێنەی خۆی وەک "پەناگەیەکی ئارام" بپارێزێت، سەرەڕای ئەوەی ئێران لەم جەنگەدا زیاتر لە 1,800 مووشەک و درۆنی ئاراستەی خاکی ئیمارات کردووە. دەسەڵاتداران لە رێگەی کەسایەتییەکانی سۆشیەڵ میدیا و یاسا تووندەکانەوە، شەڕی بەرپەرچدانەوەی ئەو لێکەوتانە دەکەن، کە جەنگەکە لەسەر ناوبانگی وڵاتەکە دروستی کردووە.
بۆ چەندین نەوە، وڵاتانی کەنداو وەک "نەوایەکی ئارام" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی پڕ لە ئاژاوە دەبینران، بەڵام هێرشە بەردەوامەکانی تاران ئەو وێنەیەیان هەژاندووە.
ئینفلوێنسەرە ناسراوەکانی دوبەی [کەسایەتیی سۆشیەڵ میدیا]، وەک ئیبراهیم سەمادی، ئەستێرەی بەرنامەی "Dubai Bling"، لە ڤیدیۆیەکدا رایگەیاند، سەرەڕای هۆشدارییەکانی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا، ئەو لە ئیمارات دەمێنێتەوە و گوتی: "ئەمە ئارامترین وڵاتی جیهانە و هیچ شتێک نایگۆڕێت."
هەژماری فەرمیی دوبەی لە ئینستاگرام، کە 5.8 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە، گۆرانییەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەڵێت "دوبەی ئارامە و هەمیشە بە ئارامی دەمێنێتەوە."
گوشار لەسەر بازاڕ و رێگریکردن لە داخستن
کۆمپانیای ئەعمار (Emaar)، کە خاوەنی گەورەترین ناوەندەکانی بازرگانییە لەوانە دوبەی مۆڵ، هۆشدارییەکی تووندی داوەتە خاوەن دوکان و رێستۆرانتەکان کە نابێت بەهۆی جەنگەوە دابخرێن یان کاژێرەکانی کارکردنیان کەم بکەنەوە. کۆمپانیاکە لە نامەیەکدا بۆ دوکانداران نووسیویەتی: "ئەم جۆرە کارانە ئاسایشی گشتی تێکدەدەن و زیان بە پێگەی ئابووری و ناوبانگی ئیمارات دەگەیەنن."
ئەمە لە کاتێکدایە کە هاتووچۆی گەشتیاران لە شوێنە ناودارەکانی وەک کەناراوەکانی JBR بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و زۆربەی گەشتیاران وڵاتەکەیان جێهێشتووە.
بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی بۆردومان و دووکەڵی سەر ئاسمانی شارەکە، دەسەڵاتداران رێکاری یاسایی تووندیان گرتووەتە بەر:
پۆلیسی دوبەی هۆشداری داوەتە خەڵک کە هیچ جۆرە "دەنگۆ"یەک یان وێنەی شوێنە ئەمنی و ستراتیژییەکان بڵاونەکەنەوە.
داواکاری گشتی فەرمانی دەستگیرکردن و دادگاییی بەپەلەی بۆ ژمارەیەک کەس دەرکردووە کە ڤیدیۆی تێکشکاندنی مووشەکەکان یان "ناوەڕۆکی چەواشەکار"یان بڵاوکردووەتەوە.
لە قەتەری دراوسێش، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 کەس بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر جەنگ دەستگیرکراون.
رایان بۆڵ، پسپۆڕی جیۆپۆلیتیکی، ئاماژە بەوە دەکات کە 90٪ـی دانیشتووانی ئیمارات بیانیین و هێزی سەرەکیی ئابووریی وڵاتەکەن. بۆڵ دەڵێ: "ئەگەر وەبەرهێنەرە گەورەکان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و خانووبەرە چیدیکە بڕوایان بەوە نەمێنێت کە وەبەرهێنانەکانیان پارێزراوە، پلانی ئیمارات بۆ دوورکەوتنەوە لە داهاتی نەوت تووشی داڕمان دەبێت."
ئەم هەفتەیە چەندین کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتی، نووسینگەکانیان لە ناوچەی دارایی دوبەی چۆڵ کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە جەنگی ئێران و ئەمریکا خەریکە متمانەی دەیان ساڵەی دوبەی وەک ئارامترین ناوەندی بازرگانی لە جیهاندا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ