رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لووبنان (وێنەی دەستە چەپ) ئەنجامی هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل (وێنەی دەستی راست)
رووداو دیجیتاڵ
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چووەتە قۆناخێکی زۆر ئاڵۆزەوە؛ لە کاتێکدا بەرەکانی جەنگ لە سعودیە، بەحرەین، کوێت و عێراق گەرمتر دەبن، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگریکردن لە کارەساتی گەورەتر دەستیانپێکردووە.
پەرەسەندنە سەربازییەکان لە کەنداو و عێراق
بەحرێن: بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە مەنامەی پایتەخت بیسترا. حکومەتی بەحرێن رایگەیاند، لە دەستپێکی هێرشەکانی ئێرانەوە، توانیویانە 125 مووشەک و 203 درۆن تێکبشکێنن.
سعودیە: سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتانیان لە ناوچەی خەرج مووشەکباران کردووە. سعودیە رایگەیاند، شەش مووشەکی بالیستییان لەو ناوچەیە تێکشکاندووە.
کوێت: وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، دوو درۆن بنکەیەکی ئاسمانییان پێکاوە کە سەربازانی ئەمریکی تێدایە، لە ئەنجامدا چەند کارمەندێکی کوێتی بریندار بوون و زیانی مادی بە بنکەکە گەیشتووە.
عێراق: درەنگی شەوی شەممە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا. درۆنەکان لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە خرانە خوارەوە و یەکێکیان بووە هۆی دروستبوونی ئاگرێکی گەورە.
لوبنان؛ جەنگی مەیدانی و هەوڵی دانوستاندن
حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە شارۆچکەی خیام لە باشووری وڵاتەکە، چەکدارەکانیان لە شەڕێکی دەستەویەخەی قورسدان لەگەڵ هێزە وشکانییەکانی ئیسرائیل.
بەرپرسێکی لوبنانی رایگەیاند، بەیرووت خەریکی پێکهێنانی شاندێکە بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل تاوەکو جەنگ بوەستێنن. پاریس و قوبرس وەک شوێنی دانوستاندنەکان پێشنیاز کراون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 826 کەس (65 ژن و 106 منداڵ) و دوو هەزار و نۆ کەسیش بریندار بوون.
تاران؛ هەڕەشەی ئابووری و تەندروستیی رێبەر
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا، ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە لێدانی ژێرخانی وزەی ئێران (وەک دوورگەی خارگ)، ئەوا تاران هەموو دامەزراوە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
عێراقچی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، کە باس لە برینداربوونی موجتەبا خامنەیی دەکەن و گوتی: "هیچ کێشەیەکی نییە."
میدیاکانی ئێران دەڵێن لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر ناوچەیەکی پیشەسازی لە ئەسفەهان، لانیکەم 15 کەس کوژراون.
هەڵوێستی وڵاتان و ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ داوای لە چین، فەرەنسا، ژاپۆن، بەریتانیا و کۆریای باشوور کرد کە کەشتیی جەنگی بنێرن بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز. ترەمپ گوتی: "ئەو وڵاتانەی نەوت لەو رێگەیەوە دەبەن، دەبێت خۆیان بیپارێزن و ئێمەش هاوکارییان دەکەین."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە ئیسرائیل لە ژێر ناوی شەڕی حیزبوڵڵا خەریکی "جینۆسایدێکی نوێیە" لە لوبنان. هەروەها گوتی، ئێران بەرپرسیارێتیی هاوێشتنی مووشەک بەرەو تورکیا رەتدەکاتەوە سەرەڕای هەبوونی بەڵگەی تەکنیکی.
سوپای ئوردن رایگەیاند، 79 مووشەک و درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تێکشکاندووە.
وەرزش و پەنابەری
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا شاندی هەڵبژاردەکە کۆتایی ئەم هەفتەیە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو مەکسیک بڕوات بۆ یاریی پاشکۆی مۆندیال، سەرەڕای بەردەوامیی جەنگەکە.
لەلایەکی دیکە، سێ یاریزانی دیکەی هەڵبژاردەی ئێران کە لە ئوسترالیا داوای پەنابەرییان کردبوو، پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ ئێران. ئێستا تەنیا سێ یاریزان لە ئوسترالیا ماونەتەوە.
پێشبڕکێکانی فۆرمیولا وەن لە بەحرێن و سعودیە، کە بڕیار بوو لە مانگی نیسان بکرێن، بە فەرمی هەڵوەشێنرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ