رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا جیهان چاوی لە سەر زیانە گیانی و سەربازییەکانی جەنگی نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێرانە، پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری لە کارەساتێکی دیکە دەدەن کە ئەویش وێرانبوونی سروشت و تێکچوونی کەشوهەوای ناوچەکەیە. لە سووتەمەنی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانەوە تاوەکو دووکەڵی چڕی کۆگەکانی نەوت، بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە.
بنیامین نایمارک، مامۆستا لە زانکۆی کوین مێریلە لەندەن، رایگەیاند، فڕۆکە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بڕێکی ئێجگار زۆر سووتەمەنی بۆ گەیشتن بە ناوچەی کەنداو و کردنی هێرشەکان بەکاردەهێنن.
جەنگی غەززە نزیكەی 33 ملیۆن تۆن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بەرهەمهێناوە (هاوشێوەی 7.6 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ساڵێکدا). جەنگی ئۆکرانیایش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی 300 ملیۆن تۆن گازی ژەهراوی. چاوەڕێ دەکرێت جەنگی ئێران بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی (B-2) و کەشتییە زەبەلاحەکان، ئەم ریکۆردانە بشکێنێت.
کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا وەک (شارێکی سەر ئاو) وان؛ پێویستیان بە وزەیەکی یەکجار زۆرە بۆ کارەبا، خۆراک و حەوانەوەی سەربازەکان، کە زۆربەی لە رێگەی مۆلیدە بەنزینەکانەوە دابین دەکرێت.
تەنگەی هورمز و کۆگەکانی نەوت و گازی ناوچەکە بوونەتە ئامانجی سەرەکی. نایمارک دەڵێ: "ئەم جەنگە جیاوازە، چونکە پاڵاوگەکان دەکرێنە ئامانج و ئەو بڵێسە ئاگرانەی لێیان بەرز دەبێتەوە، بکوژن و باجێکی قورسیان بۆ کەشوهەوا هەیە."
لە جەنگی یەکەمی کەنداودا لە 1991، سووتانی بیرە نەوتەکانی کوێت نێوان 130 بۆ 400 ملیۆن تۆن گازی ژەهراوییان بڵاوکردەوە، کە کوژاندنەوەیان چەندین مانگی خایاند.
ماتیڵد ژۆرد، لە پەیمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (IRIS) ئاماژە بەوە دەکات، لێدانی بنکە ئەتۆمی، سەربازی و وزەییەکان، کاردانەوەی "زۆر پیسکەر"یان بۆ هەوا، ئاو و خاکی ناوچەکە هەیە.
هێرشەکانی هەفتەی رابردوو بۆ سەر کۆگەکانی سووتەمەنی لە تاران، ئاسمانی پایتەختەکەیان رەش کرد و بوونە هۆی بارینی "بارانی رەش".
دۆگ وێر، بەڕێوەبەری روانگەی ململانێ و ژینگە (CEOBS) دەڵێت: "سەدان دامەزراوەی زیانلێکەوتوو لە ئێران و وڵاتانی دراوسێ هەن، کە مەترسی جیدییان بۆ سەر تەندروستیی خەڵک هەیە، بەتایبەتی ژینگەی دەریایی هەستیاری کەنداوی عەرەب."
ئەندریاس رودینگەر، پسپۆڕی پەرەپێدانی بەردەوام، پێیوایە جەنگەکە گوشاری خستووەتە سەر بڕیاربەدەستان تاوەکو لە نێوان "دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی" و "پاراستنی ژینگە" یەکێکیان هەڵبژێرن.
بەڵام رودینگەر لایەنە گەشەکەی دۆخەکەش دەبینێت و دەڵێت: "لە رووی ئابوورییەوە، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەردین (نەوت و گاز)، وڵاتان ناچار دەکات زیاتر روو لە بەکارهێنانی کارەبا و وزەی پاک بکەن."
دەکرێ شوێنەواری وێرانکارییەکانی ئەم جەنگە لەسەر ژینگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ چەندین نەوە بمێنێتەوە و کارەساتێکی تەندروستیی گەورە لە ناوچەکەدا دروستبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ