ئەمریکا 10 هەزار سەربازی دیکە دەنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: باسی ئۆپەراسیۆنی زەوینی کراوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، پێنتاگۆن لە رۆژانی داهاتوودا هەزاران سەربازی دیکە دەنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ئەم هەنگاوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ وەک گوشارێکە بۆسەر تاران تاوەکو ناچاری بکات بچێتە ژێر باری رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چەند هەفتەیی ناوچەکە.
 
ناردنی هێزی نوێ و سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی سەربازی کە بە رۆژنامەی واشنتن پۆستیان داوە، ئەو هێزە نوێیانە بریتین لە 6,000 سەرباز لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج وۆکەر بوش و 4,200 سەربازی دیکەی یەکەی 11ی مارێنز لەسەر کەشتییەکانی گرووپی بۆکسەر. ئەم هێزانە دەچنە پاڵ ئەو 50 هەزار سەربازەی ئەمریکا کە لە چەند هەفتەی رابردوودا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێراندا بەشدار بوون. بە گەیشتنی ئەم هێزانە، ئەمریکا خاوەنی سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر دەبێت لە ناوچەکەدا (لینکن، فۆرد و بوش).
 
گەمارۆی دەریایی و تەنگەی هورمز
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە بە مەبەستی خنکاندنی ئابووریی تاران، گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو ئەو کەشتیانەدا سەپاند کە دەچنە بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە دەردەچن. ترەمپ هەوڵ دەدات ئێران ناچار بکات تەنگەی هورمز بکاتەوە کە رێڕەوێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوتی جیهان، هەروەها دەیەوێ تاران کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت.
 
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، دەڵێ، ترەمپ ژیرانە هەموو بژاردەکانی لەسەر مێز هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر ئێران نەچووە ژێر باری رێککەوتن، هەنگاوی وتوندتر بنێت. گوتەبێژی کۆشکی سپی پێشبینی کرد، هەوڵی تاران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن زیاتر لە ئەنجامی گەمارۆکە زیاتر بێ.
 
هەڕەشەی "لەناوبردنی دەستبەجێ"
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا هۆشدارییەکی تووندی داوە و نووسیویەتی: "ئەگەر هەر کەشتییەک لە گەمارۆکەمان نزیک ببێتەوە، دەستبەجێ لەناودەبرێ. ئەمە کارێکی خێرا و تووند دەبێت."
 
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە 24 کاژێری یەکەمی دەستپێکردنی گەمارۆکەدا، شەش کەشتیی بازرگانی لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە لە کەنداوی عومان رێگرییان لێ کراوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران.
 
ئەگەری ئۆپەراسیۆنی وشکانی
 
وەک واشنتن پۆست دەڵێ، هاوکات لەگەڵ گەمارۆکە، پلاندانەرە سەربازییەکان خەریکی داڕشتنی سیناریۆی دیکەن، لەوانەش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وشکانی لە نێو خاکی ئێران، ئەوە بە گوتەی دوو بەرپرسی سەربازی کە بۆ رۆژنامەکە قسەیان کردووە.
 
بەرپرسان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ باسیان لە ئەگەری دابەزاندنی هێزەکانی مارێنز لە کەناراوەکان بە مەبەستی کردنەوەی تەنگەی هورمز، کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارک (ناوەندی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ئێران) و تەنانەت ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ دەرهێنانی مادە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان.

نەعیم قاسم: دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل خۆبەدەستەوەدانە

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، پڕۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل تەنیا بۆ "خۆبەدەستەوەدان" و چەککردنی حیزبوڵڵایە و مەرجەکان رەتدەکەنەوە. دەشڵێت: "ئێمە تەسلیم نابین و رێگە دەدەین مەیدانی جەنگ قسە بکات.."