رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، سەرکردەکانی سووریا گوتوویانە لەگەڵ ئیسرائیل "ئاشتی"ـیان دەوێت و بەڵێنی کۆمەڵگەیەکی "فرەلایەن"ـیان داوە.
رۆژی پێنجشەممە، 15-05-2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا گوتی: "ئەوان [بەرپرسانی سووریا] خواستی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەگەڵ هەموو دراوسێکانیان، لەوانەش ئیسرائیل، دەربڕیوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، قسەکەی دۆناڵد ترەمپی دووپاتکردەوە و گوتی: "هەنگاو بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا دەنێین."
روبیۆ گوتیشی: "سووریا لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە."
رۆژی پێنجشەممە روبیۆ لە ئەنتاڵیا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە ترەمپ سەردانی سعودیەی کرد و باسی لابردنی سزاکانی سووریای کرد، دواتر لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش بەشداربوو.
ترەمپ شەرعی بە "بەهێز، شەڕکەر و گەنج" وەسفکرد و گوتی "دەرفەتی گەورەی لەپێشە."
دوای 25 ساڵ، ئەمە یەکەمجار بوو سەرۆکانی ئەمریکا و سووریا یەکدی ببینن. هەڵگرتنی گەمارۆکانی 50 ساڵەی ئەمریکا لەسەر سووریا، کە دەگوترێت لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بووە، رێگە بۆ وەبەرهێنانی گەورەی سعودیە و تورکیا لە سووریا خۆش دەکات.
کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا، پێشبینی دەکرێت سوودمەند بن لەو کرانەوەیە بەڕووی سووریادا.
دیداری ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە بەخشینی شەرعیەتێکی نێودەوڵەتی بە ئەحمەد شەرع کە تاوەکو چەند مانگێک پێش ئێستا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلار لەسەر سەری بوو و لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بوو. هەروەها بەهۆی پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ قاعیدە، ناوی زڕابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ