رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن لە دۆخی غەززە "نیگەرانە" و ئامادەیە لە بری پلانە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێشوازی لە پلانێکی دیکە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بە غەززە بکات.
حەماسیش جەخت دەکاتەوە کە گەیاندنی یارمەتییەکان، "سەرەکیترین مەرج"ی دانوستاندنی ئاگربەستە. هەروەها رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ ئەو گەمارۆیەی ئیسرائیل خستوویەتیە سەر غەززە، بە "ئامرازی جینۆساید" وەسف دەکات.
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند، لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەوە، زیاتر لە 100 کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژراون. هاوکات رێکخراوێکی ناحکومیی پشتیوانیکراو لەلایەن واشنتنەوە رایگەیاند، کۆتایی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی یارمەتییەکان لە کەرتی غەززەدا دەکات.
بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس جەختی کردەوە کە گەیاندنی هاوکارییەکان بە غەززە "سەرەکیترین مەرج"ە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل کە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە گەمارۆیەکی تەواوی بەسەر کەرتەکەدا سەپاندووە.
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس گوتی: "سەرەکیترین مەرجی دروستبوونی ژینگەیەکی دانوستاندنی لەبار و بنیاتنەر، ناچارکردنی حکومەتی نەتەنیاهوویە بە کردنەوەی دەروازەکان و رێگەدان بە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆیی، خۆراکی و دەرمانییەکان."
هەروەها جەختی کردەوە کە "بەدەستهێنانی خۆراک، ئاو و دەرمان مافێکی بنەڕەتیی مرۆییە و بابەتی دانوستاندن نییە."
ئیسرائیل لە 2ی ئادارەوە رێگری لە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە کردووە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 2.4 ملیۆن کەسە و لە 18ی هەمان مانگدا، دوای ئاگربەستێکی دوو مانگی، هێرشەکانی دەستپێکردەوە.
رێکخراوە ناحکومییەکان، لەنێویاندا پزیشکانی جیهان و پزیشکانی بێسنوور و ئۆکسفام، رۆژی چوارشەممە هۆشدارییان دا لە روودانی "لەبرسا مردنی بەکۆمەڵ" لە غەززە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە رێگریکردن لە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتەکە.
لە غەززە، مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی رایگەیاند: "ئاماری شەهیدان لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە گەیشتووەتە 103 شەهید،" هەروەها گوتی: "کۆمەڵکوژییەکانی داگیرکەر هێشتا بەردەوامن و ژمارەی شەهیدان لە زیادبووندایە."
ئەمیر ساڵحەی 43 ساڵ، لە ناوچەی تەل زەعتەر لە باکووری کەرتەکە، باسی لە "بۆردوومانی توندی ئیسرائیل بە درێژایی شەو" کرد، "هەست دەکەین چادرەکەمان لە شوێنی خۆی هەڵدەفڕێت، گوللـەی تانک بەردەوام دەتەقێنرێت و ناوچەکە پڕە لە دانیشتووان و چادر".
حەماس رۆژی پێنجشەممە ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە رێگریکردن لە هەوڵەکانی نێوەندگیران بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتەکەدا لە رێگەی زیادکردنی "گوشاری سەربازی" لەسەر هاووڵاتیانی سڤیل.
دوای بانگهێشتکردنی دەیان هەزار سەربازی یەدەگ، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئایار رەزامەندیی لەسەر پلانێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە و گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی دەربڕی.
رۆژی پێنجشەممە، رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) رایگەیاند کە گەمارۆکە بووەتە "ئامرازێک بۆ جینۆساید".
فێدێریکۆ بۆرێلۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "گەمارۆی ئیسرائیل، تەکتیکی سەربازییەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە ئامرازێک بۆ جینۆساید."
بۆرێلۆ رەخنەی لە پلانی ئیسرائیل گرت و بە گوتەی خۆی، دەیەوێت زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لە رووبەرێکی بچووکدا "کە بە کەڵک ژیان نایەت، قەرەپەست بکات."
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتی پێدەبەستێت، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، لانیکەم 53 هەزار و 10 فەڵەستینی کوژراون، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیلن.
نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە 70%ی ناوچەکانی غەززە یان چۆڵکراون یان مەترسیی چۆڵکردنیان لەسەرە.
بەسەڵ دەڵێت: "داگیرکەر سیاسەتی کەمکردنەوەی رووبەرەکان و چۆڵکردنی ناوچە ئاوەدانەکان بەکاردەهێنێت بۆ گوشارخستنەسەر هاووڵاتیان و ترساندنیان."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو کە سوپای ئیسرائیل لە رۆژانی داهاتوودا "بە هەموو هێزییەوە" دەچێتە نێو کەرتی غەززەوە.
"غەززە بۆ فرۆشتن نییە"
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، دەیەوێت ویلایەتە یەکگرتووەکان غەززە "وەربگرێت" و بیکاتە "ناوچەیەکی ئازاد".
ترەمپ لە قەتەرەوە روونیکردەوە: "روانگەی زۆر باشم بۆ غەززە هەیە، ئەویش: کردنیەتی بە ناوچەیەکی ئازاد،" گوتیشی: "شانازی دەکەم ئەگەر ئەمریکا خاوەندارێتی بکات و وەریبگرێت و بیکاتە ناوچەیەکی ئازاد."
لەکاتێکدا بزووتنەوەی حەماس وەڵامی دایەوە کە "غەززە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی فەڵەستینە و موڵکێک نییە لە بازاڕی ئازاددا بفرۆشرێت."
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بەشداری لە دابەشکردنی هاوکارییەکانی رێکخراوێکی ناحکومیی نوێدا ناکات، چونکە میکانیزمەکەی پابەندی بنەماکانی بێلایەنی و سەربەخۆیی نییە.
پێشتر دامەزراوەی "مرۆیی غەززە" کە رێکخراوێکی ناحکومییە و لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو، ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی مرۆیی دەکات و ئاماژەی بەوەشکردبوو، داوای لە ئیسرائیل کردووە ئاسایشی خاڵەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە باکووری کەرتەکە دابین بکات.
هەروەها مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تورکیا جەختی لە کراوەیی وڵاتەکەی بۆ هەر بیرۆکەیەکی نوێ بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە کەرتەکە کردەوە.
گوتیشی: "ئێمە کراوەین بۆ هەر جێگرەوەیەک ئەگەر کەسێک بژاردەیەکی باشتری هەبێت. ئێمە پشتگیریی هەموو ئەو هاوکارییانە دەکەین کە دەتوانین بەدەستی بهێنین بەبێ ئەوەی حەماس بتوانێت لە خەڵکی بدزێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ