رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە تاران.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی رۆژی دووشەممەی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکە بە "رێنوێنیی وردی هەواڵگری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگرییەوە" کراوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لەو بارەگایانەدا، کاربەدەستانی قودس پلانی کردەوەی تیرۆریستییان دژی ئیسرائیل دادەڕشت لە رێگەی لقەکانی رژێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا."
ئەم هێرشە گورزێکی دیکەی ستراتیژییە کە ئیسرائیل لە ماوەی شەڕەکەدا لە ئێران و بە تایبەتی لە سوپای پاسدارانی دەدات.
هێرشەکە لە کاتێکدایە ئیسرائیل پێشتر محەممەد کازمی، سەرۆکی هەواڵگریی سوپای پاسداران و جێگرەکەی کوشتووە. ئێران رایگەیاندووە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی "لەنێوچوونی تەواوەتیی رژێمی زایۆنی"ـیە و بەردەوامە لە ناردنی زنجیرەی نوێی مووشەک.
ژمارەی قوربانییان لە هەردوولا روو لە زیادبوونە، کە کوژرانی 17 کەس لە ئیسرائیل و زیاتر لە 224 کەسە لە ئێران.
بەرەبەیانیی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەکی ئەتۆمی و سەربازی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنی ''بەڵێن راست 3''ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند و تاوەکو ئێستا بە چەند قۆناخێک هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر وڵاتەکە.
تاوەکو ئێستا شەڕ و پێکدادان لەنێوان تەلئەڤیڤ و تاران بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ