رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
کرێکارێک تابلۆی رێگەنیشاندان بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم/قودس دادەنێت. وێنە: Ronen Zvulun/Reuters
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم/قودس رۆژی یەکشەممە، 15-06-2025 هۆشدارییەکی ئەمنی دەرکرد و رایگەیاند، باڵیۆزخانەکە دادەخرێت و ئێستا توانای یارمەتیدانی هاووڵاتیانی ئەمریکی نییە بۆ دەرچوون لە ئیسرائیل.
لە راگەیێنراوەکەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا فەرمانی بە سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی ئەمریکا و خێزانەکانیان کردووە، تاوەکو ئاگادارییەکی دیکە لە ماڵەکانیان و شوێنە پارێزراوەکاندا بمێننەوە.
بەهۆی دۆخی ئەمنی و پابەندبوون بە رێنوێنییەکانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم/قودس و بەشی کۆنسووڵخانەی لە تەلئەڤیڤ رۆژی دووشەممە، 16ی حوزەیران بە تەواوی دادەخرێن و هیچ خزمەتگوزارییەکی کۆنسووڵگەری و دەرکردنی پاسپۆرت، پێشکێش ناکرێت.
ئەمریکا: ناتوانین هاووڵاتییانمان بگوازینەوە
خاڵی هەرە جێگەی سەرنجی راگەیێنراوەکە ئەوەیە، باڵیۆزخانەکە بە راشکاوی دەڵێت: "باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئێستا لەو دۆخەدا نییە کە بتوانێت هاووڵاتییانی ئەمریکی بگوازێتەوە یان راستەوخۆ یارمەتییان بدات بۆ دەرچوون لە ئیسرائیل."
داخرانی فڕۆکەخانە و تاکە رێگەی دەرچوون، هۆشدارییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن داخراوە و هیچ گەشتێکی بازرگانی یان تایبەت لەوێوە ئەنجام نادرێت.
تاکە رێگەی دەرچوون دەروازە وشکانییەکانە لەگەڵ ئوردن، کە بڕیارە رۆژی دووشەممە بە کاتێکی دیاریکراو کراوە بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ