رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسرائیلی رایگەیاند، فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ پێشبینی دەکات 35 کەس لە شوێنی ئەو هێرشە مووشەکییەی کراوەتە سەر شاری باتیام، کە دەکەوێتە باشووری تەلئەڤیڤ، بێسەروشوێن بن.
بەپێی ئاژانسی Ynet، ژمارەی بریندارانی ئەو هێرشە بۆ 100 کەس بەرزبووەتەوە، کە چواریان برینەکەیان سەختە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل (ماگن دەیڤد ئادۆم)، کوژراوەکان بریتین لە کوڕێکی تەمەن 10 ساڵان و دوو ژنی تەمەن 69 و 80 ساڵ.
میدیای ئیسرائیل ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە هێرشێکی مووشەکیی جیادا بۆ سەر شاری رێهۆڤۆت، کە ئەویش دەکەوێتە باشووری تەلئەڤیڤ، لانیکەم 37 کەس بریندار بوون.
ئەم هێرشە کوشندەیە بۆ سەر شاری باتیام، بەشێکە لە زنجیرە هێرشەکانی ئێران کە لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیلدا لە 13ی حوزەیران دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا کوژرانی لانیکەم 8 هاووڵاتیی تێدا پشتڕاستکراوەتەوە.
بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا، ئاماژەیە بۆ قەبارەی گەورەی وێرانکارییەکە و ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی قوربانییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیلیش بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکان لەنێو خاکی ئێراندا، کە گرژییەکانی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ