رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکییەوە رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئیسرائیل داوای لە ئەمریکا کردووە بەشداریی لە هەڵمەتە سەربازییە تازەکەیدا بکات دژی ئێران، بەڵام ئەمریکا بیر لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە ناکاتەوە.
دوو بەرپرسی ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵیی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، لە 48 کاژێری رابردوودا ئیسرائیل داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە بەشداریی لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بکات.
بەرپرسێکی ئەمریکیش داواکارییەکەی ئیسرائیلی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ ئێستا بیر لە بەشداریکردن لە ململانێکە ناکاتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل بە شێوەیەکی سەرەکی داوای یارمەتیی ئەمریکای کردووە بۆ لەنێوبردنی دامەزراوەی ژێرزەمینیی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، کە رەنگە لە دەرەوەی توانای سەربازیی ئیسرائیل بێت بە تەنیا ئەنجامی بدات.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "هەرچییەک رووبدات، ناتوانرێت رێگریی لێبکرێت، بەڵام ئێمە توانای ئەوەمان هەیە لە رێگەی دانوستاندنەوە بگەینە چارەسەرێکی ئاشتییانەی سەرکەوتوو بۆ ئەم ململانێیە، ئەگەر ئێران ئامادە بێت. خێراترین رێگە بۆ ئێران بۆ گەیشتن بە ئاشتی، وازهێنانە لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمییەکەی."
پێشتر ئەکسیۆس بڵاویکردبووەوە، ترەمپ بەم دواییانە بە بنیامین نەتەنیاهوی راگەیاندووە، ئەمریکا بیر لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەی فۆردۆ دەکاتەوە ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێویست بێت بۆ رێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە؛ بەڵام کۆشکی سپی بە فەرمی رەتیکردووەتەوە کە ترەمپ بیر لە هێرشی ئەمریکی بۆ سەر ئێران بکاتەوە و رایگەیاندووە، ئێستا کاتی ئەنجامدانی هێرش نییە.
ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە چوارەم رۆژی خۆیەوە. هەرچەندە ئەمریکا بە فەرمی رەتیکردووەتەوە بەشداریی راستەوخۆی سەربازی بکات، بەڵام پشتیوانیی لۆجستی و هەواڵگری و دیپلۆماسیی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردووەتەوە. پێشتر میدیای ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل "رەزامەندیی شاراوە"ی ئەمریکای هەیە و چەندین هەفتە دەخایێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ