رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
تیمە فریاگوزارەکان لە شاری بات یام لەژێر داروپەردوودا بۆ بێسەروشوێنبووان دەگەڕێن. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئێرانییەکان و ئیسرائیلییەکان رۆژی یەکشەممە کاتێک لەخەو هەستان، دووکەڵ و داروپەردوویان بینی، دوای ئەوەی دوو نەیارە سەرسەختەکە هێرشەکانیان لە شەودا فراوانتر کرد؛ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر وەزارەتی بەرگریی تاران و ئێرانیش هێرشێکی مووشەکیی کوشندەی ئەنجامدا.
هاووڵاتییان لە قودس- ئورشەلیم و تەلئەڤیڤ بەرەبەیانی زووی رۆژی یەکشەممە گوێیان لە زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی و تەقینەوە بوو، هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ملیۆنان ئیسرائیلی لە سەرانسەری وڵاتدا "بەرەو پەناگەکان رادەکەن."
دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانی شەودا لانیکەم 8 کەس، کە منداڵیشیان تێدایە، کوژراون و نزیکەی 200 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە تارانی پایتەختی ئێران، هاووڵاتییان گوێیان لە زنجیرەیەک تەقینەوە بوو لە دەوروبەری کاژێر 02:30ـی بەرەبەیان.
هێرشەکان لە کاتێکدان کە داواکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان هەیە، ئێران دوایین دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، ناتوانێت لە کاتێکدا دانوستاندن بکات کە لەژێر هێرشی ئیسرائیلدا بێت.
دوای دەیان ساڵ لە دووژمنایەتی و ململانێی بەوەکالەت، ئەمە یەکەمجارە دوو دووژمنە سەرسەختەکە بەم چڕییە هێرش دەکەنە سەر یەکدی، ئەمەش ترسی لە دروستبوونی جەنگێکی درێژخایەن دروستکردووە کە رەنگە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئێران، ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی دەستیپێکرد، دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج و دەیان کەس کوژراون، لەنێویاندا فەرماندە باڵاکانی سوپا و زانایانی ئەتۆمی.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی داوە هێرش بکاتە سەر "هەموو ئامانجێکی ئێران"، لەکاتێکدا مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری دا کە هەر هێرشێکی دیکە "وەڵامێکی تووندتر و بەهێزتری" بەدواوە دەبێ.
لە بات یام، لە دەرەوەی تەلئەڤیڤ، فریاگوزارە سەرەتاییەکانی ئیسرائیل کە کڵاو و گڵۆپی سەریان لەسەر بوو، لە دوای دووی بەرەبەیانەوە بەنێو داروپەردووی باڵەخانەیەکدا دەگەڕان.
بە گوتەی گوتەبێژی خزمەتگوزاری نیشتمانیی ئیسرائیل، دوو ژنی تەمەن 69 و 80 ساڵ، کچێک و کوڕێکی 10 ساڵان کوژراون و نزیکەی 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی ئەو دامەزراوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناوچەی شفێلا، لە رۆژئاوای قودس- ئورشەلیم 37 کەسی دیکە برینداربوون.
لە باکووری ئیسرائیل، رزگارکەران رایانگەیاند کە هێرشێکی درەنگانی شەوی شەممە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمیی وێران کردووە و سێ ژن گیانیان لەدەستداوە.
خزمەتگوزاری نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، ژنێکی تەمەن 20 ساڵانیش دوای ئەوەی مووشەکێکی ئێرانی بەر ماڵێک کەوت لە شاری حەیفا، گیانی لەدەستدا و نزیکەی 12 کەسیش برینداربوون.
گوتەبێژێکی ئەو دامەزراوەیە بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاند کە نزیکەی 200 کەس لە هێرشە مووشەکییەکانی شەودا کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراون، برینداربوون.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە یەکەم زنجیرەی هێرشەکانی رۆژی هەینی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژران و 320 کەسی دیکەش برینداربوون. دەسەڵاتدارانی ئێران تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ئامارێکی نوێیان بڵاونەکردووەتەوە.
هێرشکرایە سەر شوێنەکانی "پڕۆژەی ئەتۆمی"
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کەمێک پێش کاژێر 02:40ـی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، هێرشی کردووەتە سەر بارەگای وەزارەتی بەرگریی ئێران، ژێرخانی "پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی" و ئامانجی دیکە، لەنێویاندا تانکەری سووتەمەنی.
بە گوتەی ئیسرائیل، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، لەنێویاندا "بارەگای پڕۆژەی ئەتۆمیی سپند (رێکخراوی داهێنان و توێژینەوەی بەرگری)" بوون، هەوڵەکانی ئێرانیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی پێشخستووە.
میدیای ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، هێرشێکی ئیسرائیل بارەگای وەزارەتی بەرگریی لە تاران کردووەتە ئامانج و زیانی بە یەکێک لە باڵەخانەکانی گەیاندووە. وەزارەتەکە هیچ لێدوانێکی نەدا.
سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی وەک تۆڵەی هێرشەکانی ئیسرائیل، هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سووتەمەنی وەرگرتن بەکاریانهێناون.
سوپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەگەر خراپەکاری و هێرشەکان (دژی ئێران) بەردەوام بن، ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرانەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە شێوەیەکی تووندتر و فراوانتر بەردەوام دەبن."
وەزارەتی نەوتی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دوو کۆگەی سووتەمەنی لە تاران.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، کۆگەکانی نەوتی شەهران لە باکووری رۆژئاوای تاران و کۆگەیەکی دیکە لە باشووری شارەکە کراونەتە ئامانج.
نیگەرانیی وڵاتانی دەرەوە
نەتەنیاهوو جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل "پشتگیریی روونی" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای هەیە.
ترەمپ رایگەیاند، رۆژی شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل "دەبێت کۆتایی بێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، ئەمریکا پەیوەندی بە هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەبووە، "بەڵام دەتوانین بە ئاسانی کۆتایی بەم جەنگە خوێناوییە بهێنین."
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، "ناڕاستگۆیی" واشنتنی شەرمەزار کرد بۆ پشتگیریکردنی ئیسرائیل، لەکاتێکدا کە لە دانوستاندنی ئەتۆمیدایە لەگەڵ ئێران - کە عومانی نێوەندگیریش رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە ئەو دانوستاندنە ئەنجام نادرێت.
حکومەتە رۆژئاواییەکان چەندین جار ئێرانیان بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار کردووە، کە تاران رەتیدەکاتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و دانوستاندنکاری باڵای ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل دانوستاندنەکان تێکدەدەن و ناوچەکە بەرەو "بازنەیەکی مەترسیداری تووندوتیژی" دەبەن.
هێرشەکانی ئیسرائیل وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنزی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و محەممەد باقری، باڵاترین ئەفسەری سەربازیی وڵاتەکە و حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئیسلامییان کوشتووە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانیاندا زیاتر لە 20 فەرماندەی ئێرانیان کوشتووە.
میدیاکانی ئێران رۆژی شەممە رایانگەیاند، 5 پاسدار لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی یەکێک لە پارێزگاکانی باکووری رۆژئاوا رایانگەیاندووە، لە رۆژی هەینییەوە 30 کەس لە ئەندامانی هێزە سەربازییەکان لەوێ کوژراون.
مانگی سووری ئێران رایگەیاند، رۆژی شەممە لە شاری ورمێ ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن کراوەتە ئامانج و دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئێران داوای لە هاووڵاتییانی کرد لە بەرگریکردن لە وڵات یەکبگرن، لەکاتێکدا نەتەنیاهوو هانی دان دژی حکومەتەکەیان راپەڕن.
وەک ئاماژەیەک بە نیگەرانییە جیهانییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە، محەممەد بن سەلمان، هۆشداریی دا لە "جەنگێکی وێرانکەر" کە لێکەوتەی هەرێمیی دەبێت، وەک ئەنقەرە رایگەیاند.
کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی شەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی فڕۆکەی جەنگی و "کەرەستەی" دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات "بۆ پشتیوانیی لەناکاو"، هاوکات داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانیشی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ