رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، پلانی "شاری مرۆیی" کە لەلایەن وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیەوە پێشنیاز کراوە، بە "ئۆردوگای زۆرەملێ" ناودەبات و دەڵێت، ناچارکردنی خەڵک بۆ چوونە ناوی "پاکتاوی نەژادییە".
ئێهود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاندووە، ئیسرائیل پێشتر تاوانی جەنگی لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا کردووە، دروستکردنی ئەم ئۆردوگایە گرژییەکان زیاد دەکات.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، فەرمانی بە سوپا کردووە دەست بە داڕشتنی پلانێک بۆ دروستکردنی "شارێکی مرۆیی" لە باشووری غەززە، کە لە سەرەتادا 600 هەزار کەس و دواتر تەواوی دانیشتووانی فەلەستین لەخۆبگرێت. کاتز داواشی کردووە کاتێک فەلەستینییەکان دەچنە ناو ئەم شارەوە، رێگەیان پێ نادرێت جێبهێڵن، مەگەر بۆ وڵاتانی دیکە.
ئۆلمێرت لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەم پلانە گوتی: "پێموابێت ئەمە ئۆردوگای زۆرەملێیە. ئەگەر فەلەستینییەکان بۆ 'شارە مرۆییە' نوێیەکە نیشتەجێ بکرێن، ئەوا دەتوانرێت بگوترێت ئەمە بەشێکە لە پاکتاوی نەژادی."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پشتیوانی لە پڕۆژەی "شاری مرۆیی" دەکات و رەتکردنەوەی ئیسرائیل بۆ کشانەوە لەو ناوچەیەی کە کاتز بۆ ئۆردوگاکە دیاریکردووە، بووەتە خاڵێکی ناکۆکی لە دانوستانەکانی ئاگربەستدا.
ئۆلمێرت ئاماژەی بەوەشکردووە دوای چەندین مانگ لە گوتاری تووندوتیژ، لەوانەش داواکاریی وەزیرەکان بۆ "پاککردنەوەی" غەززە و پڕۆژەکانی دروستکردنی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لەوێ، ئیدی بانگەشەکانی حکومەت کە گوایە "شاری مرۆیی" بۆ پاراستنی فەلەستینییەکانە، جێی باوەڕ نین.
پارێزەران و زانایانی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی ئەم پلانەیان بە "پیلانێک بۆ تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی" وەسف کردووە و هەندێکیان هۆشدارییان داوە کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، "لە ژێر هەلومەرجی دیاریکراودا دەتوانێت بگاتە ئاستی تاوانی جینۆساید."
ئۆلمێرت، کە لە ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە، تووندوتیژییەکانی سەر کەرتی رۆژئاوای بە تاوانی جەنگی ناوبرد و گوتی: "ئەمە لێخۆشبوونی نییە. قابیلی قبوڵ نییە. کردەوەی بەردەوام هەن کە بە شێوەیەکی دڕندانە و تاوانکارانە لەلایەن گروپێکی گەورەوە رێکدەخرێن."
ئێهود ئۆلمێرت وەزیرە تووندڕەوەکانی کابینەی ئێستای ئیسرائیل کە پشتیوانی لە تووندوتیژی لە غەززە و کەرتی رۆژئاوادا دەکەن، بە هەڕەشەیەکی گەورەتر بۆ سەر ئاسایشی درێژخایەنی وڵاتەکەی دەزانێت و گوتی: "ئەمانە دوژمنی ناوخۆن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ